رووسیا پێشوازی لە هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی ئۆکراینا دەکات

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، پێشوازی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ رایگەیاند، "ئەو راستییەی خەڵک ئێستا زیاتر قسە لەسەر دۆخەکە دەکەن، شیاوی ئەوەیە پێشوازی لێبکرێت."
 
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا بە کەمتر لە 24 کاژێر دوای دەستبەکاربوونی کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت؛ رەخنەشی لە هاوکارییە سەربازییە بەردەوام و بێ مەرجەکانی واشنتن بۆ کیێڤ گرت.
 
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
 
هەرچەندە لاڤرۆڤ پشتیوانی لە هەڵوێستی ترەمپ کرد، بەڵام راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ "پێشنیازێکی کۆنکرێتی"ـیان پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "کاتێک ئەو [ترەمپ] بووە سەرۆک و هەڵوێستێکی دیاریکراوی لەبارەی ئۆکراینا دەربڕی، بەدڵنیاییەوە ئێمەش خوێندنەوەی بۆ دەکەین."
 
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لاڤرۆڤ گوتی، هیچ پێشنیازێکیان لە تیمی ترەمپەوە پێنەگەیشتووە.
 
ترەمپ رەخنەی لە بایدنیش گرتووە بەوەی رێگە بۆ ئۆکراینا خۆش دەکات ببێتە ئەندامی ناتۆ و هۆشداریدا لەوەی کە دەبێت لە هەستیاری رووسیا لەوبارەیەوە تێبگەن.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لەو هەڵوێستەی ترەمپ کرد و گوتی: "یەکەمجارە سەرکردەیەکی رۆژئاوایی دان بەوەدا دەنێت ناتۆ بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە."
 
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە. لەو کاتەوە ئەمریکا بایی زیاتر لە 66 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکێشی ئۆکرانیا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ بەریتانیا.

عێراق و بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر بازرگانی، ئاسایش و کۆچبەران دەکەن

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە هاوتا عێراقییەکەی، محەممەد شیاع سوودانی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بازرگانی، ئاسایش و کۆچبەران. بەغدا سەردانەکە بە "سەردەمێکی نوێ" ی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناودەبات.