رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بیر لە دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ پەنابەرە سووریاییەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە. ئەو پێشنیاز دەکات سووریاییەکان مافی ئەوەیان هەبێت یەکجار بچنەوە سووریا، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا هەبێت، بۆ ئەوەی بزانن دۆخی وڵاتەکەیان چۆنە.
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا پێیوایە، ژیرانە دەبێت ئەگەر رێگە بە پەنابەرە سووریاییەکان بدرێت، "بۆ یەک جار" بچینەوە سووریا، ئەمەش بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بەر مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا بکەوێت.
ماکسیمیلیان کال، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند: "خەڵک دەتوانن بچن بزانن خانووەکانیان ماون، ئەو خۆشەویست و کەسوکارانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ نەماون لە ژیاندا ماون یان نا. ئەوان دەتوانن ببینن ئایا لە وڵاتی خۆیان پارێزراو دەبن یان نا."
بیرۆکەی فیزەر هاوشێوەی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەتی. دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 08-12-2024؛ بێربۆک پێشنیازی کرد، پەنابەرەکان دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ بچن خۆیان دۆخی وڵاتەکەیان ببینن، بۆ ئەوەی بزانن گونجاوە بەیەکجاری بچنەوە یان نا.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، نزیکەی 975 هەزار سووریایی لە ئەڵمانیادا دەژین؛ زۆرینەی ئەو ژمارەیەش ئەو کەسانەن کە وەکو پەناخواز روویان لە وڵاتە ئەورووپییەکە کردووە.
لەلایەکی دیکە، یۆواکیم هێرمان، وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریا ئەو پلانەی بە "لاواز" وەسفکرد و گوتی: "ئەوە ئەو ئاماژەیە دەدات کە پەنابەرەکان خۆیان بڕیار بدەن دەمێننەوە یان دەڕۆن."
بەگوێرەی یاسای ئەڵمانیا، هەر پەنابەرێک کە مافی مانەوەی پێدراوە، ئەگەر لە وڵاتەکە بچێتە دەرەوە ئەو مافەی نامێنێت، مەگەر بۆ پێویستییەکی زۆر نەبێت بۆ نموونە نەخۆشی. وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆی ئەڵمانیا بەنیازە بە یاسایەک ئەو پێشنیازە بخاتەڕوو، کە کاریگەریی لەسەر ئەو مافە نەبێت و پەنابەرەکان بتوانن بگەڕێنەوە، ئەگەر نەیانویست لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ