117 کۆچبەر لە ئاوەکانی یۆنان رزگارکران

 
رووداو دیجیتاڵ 

پاسەوانی دەریایی یۆنان رایگەیاند، 117 کۆچبەریان لە ئاوی وڵاتەکە رزگارکردووە کە لیبیاوە بەڕێکەوتبوون و ویستبوویان بگەنە وڵاتانی ئەوروپا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2024، پاسەوانی دەریایی یۆنان بڵاویکردەوە، 117 کۆچبەر بە بەلەمێکی 10 مەتری لە لیبیاوە بەڕێکەوتبوون و لە باشووری کەنداوی کریت لەلایەن تیمەکانیانەوە رزگارکران. هەروەها دەشڵێت، دوو کەسیشیان لە نێو ئەو بەلەمە دەستگیرکردووە کە ویستوویانە ئەو کۆچبەرانە بە قاچاخ لە لیبیاوە بگەیەننە ئیتاڵیا.  
 
پاسەوانی یۆنان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆچبەرانەی ئازادکراون 84یان پیاو بوون، 31یان خوار 18 ساڵ و دووانیشیان ژن بوون. 
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە ئاوەکانی یۆنان گیان لەدەستدەدەن. رۆژی 14ی حوزەیرانی 2023، هێزی دەریایی یۆنان بڵاویکردەوە، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی پیلۆسیی یۆنان نزیکەی 80 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا؛ مەزەندە دەکرا بەلەمەکە 400 بۆ 700 کۆچبەری هەڵگرتبێت. هەروەها بەرپرسانی یۆنان ئاشکراشیان کرد، فریای بەلەمە ژێرئاو کەوتووەکە کەوتن و زیاتر لە 104 کۆچبەریان رزگارکرد. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یۆنان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە زۆرترین کۆچبەر لە تورکیا و باکووری ئەفریقاوە رووی تێدەکەن، زۆرینەشیان ئامانجیان گەیشتنە بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا. هەروەها، تەنیا ساڵی رابردوو 45 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندبووە یۆنان. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 354 هەزار و 713 هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەبووە و دەکرێت کەسێک بە چەند رێگەیەک هەوڵی گەیشتنی بە وڵاتانی یەکێتییەکەی دابێت. 
هەروەها، زۆرترین هەوڵی گەیشتنیش بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی ئەیلوول بووە بە 54 هەزار و 789 هەوڵ. بەمەش لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ژمارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا 8٪ـی زیاتربووە لە ژمارەی هەوڵەکان بۆ ساڵی 2022. 
 
ئەو 354 هەزار و 713 هەوڵەی ساڵی رابردوو بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دراون بەمجۆرە دابەشبوون؛ 152 هەزار و 211 هەوڵیان لە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستەوە بووە، 52 هەزار و 570 هەوڵیان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستەوە بووە، پێنج هەزار و 352 هەوڵیان لە سنوورە وشکانییەکانی رۆژهەڵاتی یەکێتییەکەوە بووە، 98 هەزار و 651 هەوڵیان لە رۆژئاوای بەڵکانەوە بووە، 13 هەزار و 507 هەوڵیان لە رێڕەوی رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست و 32 هەزار و 422 هەوڵیشیان لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بوون.