هاووڵاتییەکی پیرۆ داوای 300 هەزار دۆلار قەرەبوو لە مارک زوکەربێرگ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی پیرۆ لە دادگەیەکی وڵاتەکەی، داوایەکی یاسایی دژی مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک (مێتا) تۆمارکرد، ئەوەش دوای ئەوەی هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەهۆی هەواڵێکی پشتڕاستنەکراوەوە، راگیرا. 
خوان مێخیا، ئەو کەسەیە کە سکاڵاکەی تۆمارکردووە؛ لە ساڵی 2021 دا هەواڵێکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن زاناکانی چینەوە دروستکراوە". 
لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، تۆڕەکە هەژماری مێخیای بۆ ماوەی 45 رۆژ بلۆککرد، وەکو خۆی دەڵێت بەبێ ئەوەی بواری بەرگریکردن لەخۆی هەبێت. 
مێخیا کە خۆی پارێزەرە، دەڵێت "فەیسبووک مافی ئازادیی رادەربڕینی منی پێشێلکردووە" و داوای 300 هەزار دۆلار وەکو قەرەبوو لە کۆمپانیای مێتا دەکات کە ئێستا فەیسبووک لەژێر چەتریدا کاردەکات. 
لەدوای پەسندکردنی کەیسەکە، دادوەر لیلا فونتێس داوای لە مارک زوکەربێرگ کرد لە 17ـی مانگی حوزەیراندا بەشێوەیەکی ڤێرچواڵ لە دادگە ئامادەبێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسە دادگایی بکرێت. 
هەرچەندە یەکەم کەیسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چین دەستنیشانکران، هێشتاش لە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەندین دەنگۆ هەن لەبارەی شوێن و چۆنێتیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە.
زۆربەی زانایانی ڤایرۆسناسیش پێیانوایە کە ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە؛ چ بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی گیانەوەرێکی دیکەوە بێت کە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆی گواسترابێتەوە و دواتر لە گیانەوەری دووەمەوە بۆ مرۆڤ گواسترابێتەوە.
هەندێکیش چین بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تۆمەتبار دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یەکێک بوو لەو کەسانەی کە زۆرترین تۆمەتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای داوەتە پاڵ چین و چەند جارێک کۆرۆنای بە "ڤایرۆسە چینییەکە" ناوبردووە.