لە ئەڵمانیا شتێفانی و لە سووریا ئوم مالیک؛ پرۆسەی دادگاییکردنی ژنێکی داعش لە هامبۆرگ

14-01-2022
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
وردەکاریی دادگاییکردنەکە
وردەکاریی دادگاییکردنەکە
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
هۆڵی ژمارە 237ی دادگای باڵای هامبۆرگ. کاژێر 12:50 رۆژی پێنجشەممە 13ی 1ی 2022. یولیا شتونتس داواکاری گشتی لە دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا لەگەڵ هاوکارێکی دیکەی دۆسێیەکانی سکاڵانامە لەسەر مێزیکی دەستی راستی هۆڵەکە ئامادە دەکەن. شەش خولەک دواتر، مارتین هایزینگی پارێزەر و ژنێکی دیکەی هاوکاری دێنە ژوورەوە و بەپێی هەلومەرجی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، نێوبڕێکی پلاستیکی لە نێوانیاندایە و هەر یەکێکیان لاپتۆپێک لەسەر مێزەکە دادەنێت.
 
لە دەرگایەکی ناوەڕاستی هۆڵەکەوە ژنێکی قژ زەرد بە جینس و بلوزێکی کڵاودارەوە، فایلێکی بە دەستەوە گرتووە و دێتە ژوورەوە، ئەو ژنە شتێفانییە.
 
ئەو ساڵی 1977 لە شارۆچکەی بادئویلزووە لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاین نزیک سنووری دانیمارک لە باکووری ئەڵمانیا لە دایکبووە. شتێفانی بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە رێکخراوی داعش دادگایی دەکرێت.
 
کاژێر 10:00ی تەواو، کە وادەی دادگاییکردنی شتێفانی بوو، دادوەر ساکوت هاتە نێو هۆڵەکە و هەمووان لەبەری هەستانە سەرپێ. بەدوای ساکوتەوە دوو دادوەری دیکەی دادگای باڵای هامبۆرگ هاتنە نێو هۆڵەکە.
 
کاتێکیش رۆژنامەڤانان هاتنە ژوورەوە، شتێفانی فایلەکەی بەردەمی بەرزکردەوە و بۆ ئەوەی وێنەی رووخساری نەگرن.
 
وا بڕیار بوو شتێفانی لە رۆژی 12ی مانگ دادگایی بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنای لێدەکرا، بۆیە دادگایی شتێفانی بۆ رۆژی دواتر دواخرا.
 
کۆرۆنا کاری لە دادگاکانیش کردووە، هۆڵەکانی دادگا وەکو جاران قەرەباڵغ نین، بەهۆی کۆرۆناوە تەنیا رێگە بە 18 کەس درابوو ئامادەی پرۆسەی دادگاییکردنی شتێفانی ببن. لەوانەش نۆ کەس وەک رۆژنامەڤان و نۆ شوێنیش بۆ ئەو کەسانە دابینکرابوو کە بۆ هەر مەبەستێک بیانەوێت لە هۆڵەکانی دادگا ئامادە ببن.
 
رۆژنامەڤانانی ئامادەبوو بۆیان نەبوو هیچ ئامارێکی دیجیتاڵی بەکاربهێنن، کارەکانیان بە قەڵەم و کاغەز بکەن.
 
یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەی (شتێفانی. ئا) 63 خولەکی خایاند. پاشناوی شتێفانی لەلای رووداو پارێزراوە، چونکە بەپێی پڕۆتۆکۆڵی نابێت ناوی تەواوی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت. 
 
دادوەر ساکوت: ناوتان شێڤانی ئا... یە؟ 
شتێفانی: بەڵێ
دادوەر ساکوت: کەی لە دایکبووی؟ 
شتێفانی: 1977
دادوەر ساکوت: لە کوێ؟ 
شتێفانی: باد ئویلزووەر
دادوەر ساکوت: باری کۆمەڵایەتیتان؟ 
شتێفانی: خێزاندار
دادوەر: پیشەتان چییە؟ 
شتێفانی: ....... 
 
دادوەر ساکوت بەبێ ئەوەی بڵێت سوپاس یاخود قسەیەکی دیکە لەگەڵ شتێفانی بکات، داوا لە یولیا شتونتس دەکات سکاڵانامەکە پێشکێش بکات. ئەویش لە ماوەی 30 خولەکدا سکاڵانامەکەی خوێندەوە
 
یولیا شتونتس، دکتۆرای لە یاسادا هەیە و داواکارێکی بەئەزموونە و لە سەرەتای سکاڵانامەکەدا گوتی: "تۆمەتبار لە ئابی 2016 لەگەڵ کوڕە 13 ساڵانەکەی لە تورکیاوە چووەتە سووریا. بۆ ئەوەی بە هاوژینەکەی بگاتەوە، کە هاوینی پێشتر چووبووە سووریا. سەرەتا دەچنە جەرابلوس و لەوێوە دەچنە ئیدلب و دەگەنە نێو گرووپێکی تیرۆرستی نزیک لە داعش بە ناوی جوند ئەلئەقسا".
 
شتێفانی لە نێو داعشدا، وەک ئەوەی لە سکاڵانامەکەیدا هاتووە بە "ئوم مالیک" بانگکراوە، چونکە کوڕەکەی ناوی مالیکە. هاوژینەکەی ناوی محەممەد زەکەریایە، لە سەرەتای نەوتەکان یەکدی دەناسن و شتێفانی دەبێتە موسوڵمان و ژیانی هاوژینی لەگەڵ محەممەد پێکدێنێ کە نەزانراوە خەڵکی کوێیە. هەر بەپێی سکاڵاکە دیارنییە ئێستا لەکوێیە.
 
ئەو کاتەی داواکاری گشتی سکاڵانامەکەی دەخوێندەوە. شتێفانی دەستی خستبووە نێو گیرفانی بلوزەکەی و جار جار تەماشای ئامادەبووانی دەکرد، وەک ئەوەی چاوەڕێی هاتنی کەسێک بکات. جارێکیش کاغەزەکانی بەردەمی دەکاتەوە و بەدوای شتێکدا دەگەرێت، دواتر دەرکەوت ئەو کاغەزانە هەمان سکاڵانامەیە، کە یولیا دەیخوێندەوە. 
 
یولیا لە بەردەوامی خستنەڕووی چیرۆکی شتێفانی و چوونی بۆ نێو داعش و تۆمەتبارکردنی. گوتی: "تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی منداڵە خوار 16 ساڵانەکەی دەخەێتە پاڵ و دەزانێت و پێویست بوو بزانێت، کە بردنی منداڵەکەی  بۆ سووریا مەترسییەکی گەورەیە ،بەتایبەتیش بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان". 
 
یولیا لە بارەی مالیکی گوتی: "لە خان شێخۆن چووەتە نێو بنکەی سەربازی جوند ئەلئەقسا و کاتێک ناوی ئەو تیرۆرستانە بۆ لیوای ئەلئەقسا دەگۆڕدرێت لە تەمەنی 15 ساڵیدا مەشقی پێکراوە و کردوویانەتە پاسەوان، دواتر لە ساڵی 2017 هاوشێوەی چەکدارێک چالاکانە ئەرک پێسپێردراوە و تەنانەت پشتێنی بۆمبرێژکراویشی بەستووە". 
شتێفانی لەگەڵ مالیکی کوڕی بەرێگای چەکدارانی لیوا ئەلئەقسا دەچنە رەققە و دەگەنە لای محەممەد زەکەریا. یولیا دەڵێت: "سەرەتا تۆمەتبارەکە دەچێتە ماڵی ژنان و دوای ماوەیەک لەگەڵ هاوژینەکەی دەچنە یەک ماڵ. ئەو کاتەی لەگەڵ هاوژینەکەی بووە، هاوکاری و پارەشیان پێدراوە. کاتێک لە ساڵی 2017 مالیک لە نزیک رەققە دەکوژرێت، شتێفانی پەیامێکی دەنگی بۆ کوڕە گەورەکەی دەنێرێت و دەڵێت براکەت شەهید بووە". ئەو پەیامە دەنگییانە کەوتوونەتە بەر دەستی داواکاری گشتی و وەک بەڵگە لە دژی شتێفانی بەکاردەهێنرێن.
 
دادوەر ساکوت داوای لێبووردن لە یولیا دەکات، کە بۆ کارێکی گرنگ دەبێ بۆ پێنج خولەک ناوبڕێک وەربگرن. دادوەر ساکوت و لەگەڵ هەردوو دادوەری دیکەی لای چەپ و راستی دەچنە ژوورەکەی پشت کورسییەکانیان. مارتین هایزینگ و ژنە پارێزەرە هاوکارەکەی دەچنە لایی "ئوم مالیک".
 
کاژێر 01:30 خولەک جارێکی دیکە دادوەر ساکوت دێتە نێو هۆڵی دادگا و داوا لە داواکاری گشتی دەکات درێژە بە خوێندنەوەی سکاڵانامەکە بدات.
 
 
یولیا دەست بە خوێندنەوەی سکاڵانامەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "لە ساڵی 2019 تۆمەتبارەکە لەگەڵ هاوژینەکەی لە باغۆز لە لایەن هێزە کوردییەکان دەستگیردەکرێن و دەبرێنە کامپی هۆڵ (باسی هاوژینەکەی ناکرێت لە کوێیە!) لە سەرەتای 2021٢٠٢١ لە کامپەکە ڕادەکات و خۆی دەگەیێنتە تورکیا و لەوێ دەستگیر دەکرێت. لە 24ی 3ی 2021 رادەستی ئەڵمانیا دەکرێتەوە". هەر لە فرۆکەخانەی بەرلینەوە شتێفانی راستەوخۆ دەستگیردەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ زیندان. 
 
پارێزەر: هیچ بەڵگەیەک نییە مالیک لە شەڕدا کوژرا بێت
 
دوای ئەوەی یولیا لە خوێندنەوەی سکاڵانامەکە بووەوە، دادوەر ساکوت روو لە شتێفانی دەکات، دەتەوێ قسە بکەیت؟ بۆت هەیە دواتریش قسە بکەین یاخود هەر هیچ قسە نەکەیت. مارتین هایزینگ، پارێزەری شتێفانی دەڵێت "دەمەوێ لە جیاتی بریکارپێدراوەکەمان قسە بکەم". 
 
پارێزەر مارتین هایزینگ گوتی: "هیچ بەڵگەیەک نییە کە کوڕی بریکارپێدراوەکەمان لە شەڕدا کوژرا بێت. شەهیدبوون لەلای کەسێکی باوەڕدار مەرج نییە بەو مانایە بێت کە کەسەکە لەشەڕدا بکوژرێت، بەڵکو لە دیدی موسڵمانان زۆر شێوازی دیکەی مردنی کەسێک بە شەهید دەژمێردرێن. کوڕەکەی بریکارپێدراوەکەمان لە شەڕدا نەکوژراوە بەڵکو بە بۆمبێک لە شوێنێکی ئارام بە دووری 30 کم لە رەققە".
 
دواتر باس لەوە دەکات کە پێویستە رەچاوی هەستی دایکایەتی ئەو کەسە بکرێت کە چەند زەحمەتە منداڵەکەی لە دەستداوە. دەربارەی پەروەردەی سەربازیش پارێزەری بەرگری گوتی: "بەدڵنیاییەوە پەروەردەی ئیسلامی وەرگرتووە، بەڵام نەسەلمێندراوە کە مەشقی سەربازی بە کوڕەکەی بریکاردارمان کرابێت".
 
دوو تۆمەت درانە پاڵ شتێفانی
 
داواکاری گشتی لە سکاڵانامەکەدا "ئەندامێتی لە دوو رێکخراوی بیانی تیرۆرستی کە یەکێکیان داعشە" دەخاتە پاڵ "ئوم مالیک" و لەگەڵ "خراپبەکارهێنانی منداڵێک کە تەمەنی لە 16 ساڵ کەمترە و مەترسی کەوتووەتە سەر ژیانی".
 
دانیشتنی یەکەمی دادگا لەبارەی دۆسیەی شتیفانی کۆتاییهات، دادگاییەکە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا لانیکەم 12 دانیشتن لەبارەی دۆسیەکە دەکرێن، لە دانیشتنەکانی داهاتوودا گوێ لە قسەی شایەتەکان دەگیرێت، یەکێک لە شایەتەکانیش یاسین محەممەدە، کە کوڕە گەورەی شتێفانییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.