رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا، فرانسوا بایرووی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد.
ئەمڕۆ هەینی، 13-12-2024، ئیمانوێل ماکرۆن ،سەرۆککۆماری فەرەنسا، فرانسوا بایرووی 73 ساڵی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکەی دیاریکرد.
دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ دوای تەنیا 9 رۆژ لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی میشێل بارنێ هات لەلایەن راستڕۆکانەوە.
فرانسوا بایرو، شەشەم سەرۆکوەزیرانی کابینەکەی ماکرۆنە، تەنیا لە ساڵی 2024دا، فرانسوا چوارەم سەرۆکوەزیرانی فەرەنسایە دەستنیشان بکرێت. سەرۆکوەزیرانی پێشوو تەنیا 91 رۆژ لە پۆستەکەیدا مایەوە.
ماکرۆن تەواوی ئەو رۆژانەی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتەکانی فەرەنسا بەسەربردووە، بۆ ئەوەی بە دیاریکردنی فرانسوا بایروو رازیان بکات.
کاری لەپێشینە و یەکەم تاقیکردنەوەی سەرۆکوەزیرانە تازەکە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی فەرەنسا و تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی 2025 دەبێت.
وا چاوەڕواندەکرێت،سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی وەزیرەکانی کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات. بەڵام بەهۆی پەرلەمانی هەڵواسراوی وڵاتەکەوە، کارەکەی ئاسان نابێت.
مارین لی پێن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا داوای لە سەرۆکوەزیرانە تازەکە کرد، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی "بوودجەیەکی گونجاو و ژیرانە" تێپەڕێندرێت.
جۆردان بارێلا، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕۆش لەبارەی فرانسوا بایروو گوتی، ئەوان داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێ لە بایروو ناکەن.
فرانسوا بایروو کێیە؟
سیاسەتڤانێکی فەرەنسیی 73 ساڵانە. لە ساڵی 1990 وەزیری پەروەردە و لە ساڵی 2017 وەزیری داد بووە. هاوپەیمانێکی نزیک لە ئیمانوێل ماکرۆنە. سێ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژاردووە، بەڵام دەرنەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ