راپرسییەک: 51٪ـی خەڵکی 6 وڵاتی ئەوروپا دژی ئەندامبوونی تورکیان لە یەکێتیی ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک کە لە شەش وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ئەنجامدراوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەر شەش وڵات دژی ئەندامبوونی تورکیان لەو یەکێتییە.
پرسیارەکە لە هاووڵاتییان کراوە لەبارەی هەڵوێستیان تایبەت بە ئەندامێتیی ئۆکراینا، مۆڵدۆڤا، مۆنتینیگرۆ، بۆسنیا، مەسەدۆنیای باکوور، سربیا، جۆرجیا، ئەلبانیا، کۆسۆڤا و تورکیا. هاووڵاتییانی نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و دانیمارک لەگەڵ ئەوە نین یەکێتیی ئەوروپا ئەندامی نوێ وەربگرێت. وڵاتانی رۆمانیا و پۆڵەنداش لەگەڵ فراوانبوونی یەکێتیی ئەوروپادان.
51٪ـی بەشداربووانی راپرسییەکە دژی ئەوەن تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام دژایەتیکردنی وڵاتەکانی دیکە هێندەی تورکیا بەرز نییە.
هاووڵاتییانی ئەو شەش وڵاتەی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 27٪ ئۆکراینا، 28٪ رۆمانیا، 25٪ مۆنتینیگرۆ، 29٪ بۆسنیا، 27٪ مەسەدۆنیای باکوور، 35٪سربیا، 31٪ جۆرجیا، 35٪ ئەلبانیا، 37٪ کۆسۆڤۆ وەک ئەندام لە یەکێتییەکە رەتدەکەنەوە. ئەوان بە رێژەی 51٪ تورکیا رەتدەکەنەوە کە بەرزترین رێژەی بۆچوونی نەرێنی خەڵكییە لەو بارەوە بەرامبەر هەموو وڵاتەکان. لەو راپرسییەدا 19٪ـی خەڵکی ئەو وڵاتانە پشتیوانی لە تورکیا دەکەن کە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی راپرسییەکە، نزمترین رێژەی پشتیوانییە.
هەڵوێستی هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا بەم شێوەیەیە:
- ئۆکراینا 44٪ بەڵێ - 27٪ نەخێر
- مۆڵدۆڤا 30٪ بەڵێ - 28٪ نەخێر
- مۆنتینیگرۆ 30٪ بەڵێ - 25٪ نەخێر
- بۆسنەهەرسک 28٪ بەڵێ - 29٪ نەخێر
- مەکدۆنیا 26٪ بەڵێ - 27٪ نەخێر
- سربیا 25٪ بەڵێ - 35٪ نەخێر
- جۆرجیا 25٪ بەڵێ - 31٪ نەخێر
- ئەلبانیا 24٪ بەڵێ - 35٪ نەخێر
- کۆسۆڤۆ 20٪ بەڵێ - 37٪ نەخێر
- تورکیا 19٪ بەڵێ - 51٪ نەخێر
یەکێتیی ئەوروپا لە 27 وڵات پێکدێت و نزیکەی 448 ملیۆن کەس تێیدا دەژین، واتە 5.8٪ـی دانیشتووانی جیهان لەوێ دەژین، بەڵام خاوەنی 16.6 تریلیۆن دۆلاری کۆی بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوەش دەکاتە نزیکەی یەک لە سەر سێی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی جیهان.