رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا، دۆناڵد ترەمپی کۆماری توانی بە جیاوازییەکی بەرچاو لە کامالا هاریسی دیموکرات بباتەوە. ترەمپ هێشتا سوێندی یاسایی نەخواردووە و بە فەرمی نەچووەتە کۆشکی سپی، بەڵام وردە وردە دەستی بە دروستکردنی پەیکەری کابینەکەی کردووە. سێ لە هەرە گرنگترین ئەندامەکانی ئەو کابینەیە، پێشتر لایەنگیرییان بۆ کورد و هەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
مارکۆ روبیۆ، بەربژێر بۆ وەزیری دەرەوە
روبیۆ لە ساڵی 2011ـوە سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدایە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا. لەدایکبووی 1971ـە و لە ساڵی 2016 شانبەشانی ترەمپ خۆی لەسەر پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
روبیۆ دژە چینە، پاڵپشتیکاری ئیسرائیلە و رەخنەی زۆریشی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گرتووە.
ساڵی 2019 کاتێك بە فەرمانی ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان کشانەوە و هێرشی سوپای تورکیای بەدواداهات، روبیۆ لە تویتەر (ئێکسی ئێستا) نووسی "لە تووڕەیی کورد تێدەگەم، کە رووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا شیاوی ئەوە نین هێرشیان بکرێتە سەر، بەڵکو شیاوی سوپاس و پێزانینن. ئەوان بڕیاری جێهێشتنیان نەداوە، بەڵکو فەرمانیان پێکراوە."
روبیۆ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و کۆدەنگی نێو پەرلەمانی عێراق بە کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە سەرەتای ساڵی 2020، لە توویتەر نووسی، "لەوانەیە ئێستا کاتی کوردستانێكی تەواو سەربەخۆ بێت لەو ناوچەیەی ئێستا باکووری عێراقە."
پیت هێگسیس، بەربژێر بۆ وەزیری بەرگری
پیت هێگسیسی 44 ساڵ پێشتر سەربازی ئەمریکا بووە، دواتر چووەتە نێو جیهانی میدیا و تەلەڤیزیۆنەوە.
لە ساڵی 2014ـەوە لە کەناڵی سیاسیی فۆکس نیوزی نزیک لە ترەمپ پێشکێشکارە. ئێستا ئەو بەهێزترین بەربژێری بەڕێوەبردنی بەهێزترین سوپای جیهانە.
ترەمپ لەبارەی پیت گوتوویەتی "کە پیت لە ئەرکدابێت [وەکو وەزیری بەرگری]، دووژمنەکان لە ئامادەباشیدا دەبن."
هێگسسس دژەئێرانێكی سەرسەختە و لایەنگری ئیسرائیلە. ئەی چی لەبارەی کورد؟
لە 2020 لە دیبەیتێكی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کوژرانی قاسم سولەیمانی، گوتی "ئەگەر عێراقییەکان نەیانەوێت سوپای ئەمریکا بمێنێتەوە، دەتوانین لەولاتر کار لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بکەین، وەک کورد."
پەسندکردنی دەستنیشانکراوانی کابینەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی پیرانە، کە لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی 5ـی ئەم مانگەدا کۆمارییەکان زۆرینەیان لە دیموکراتەکان سەندەوە.
مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا
مایکڵ جۆرج گلێن وۆڵتز لەدایکبووی 1974ـە و لە سوپای ئەمریکا پلەی عەقیدە. لە ساڵی 2019ـەوە وۆڵتز وەکو کۆنگرێسمانی ویلایەتی فلۆریدا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە. لەلایەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە وەکو راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەربژێرکراوە. ئەرکی سەرەکیی وۆڵتز مامەڵەکردنە لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی دەرەوە، لەوانەش جەنگی غەززە، ئۆکراینا و لوبنان.
وۆڵتز بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی دەسەڵاتی 20 ساڵی رابردووی تورکیا ناسراوە و دژەچینێکی سەرسەختە.
لە 2019 دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو کاتە گوتی "ناتوانین شەڕی داعش بکەین، ئەگەر هێزەکانمان لە سووریا بکشێنینەوە. دەبێت ئەمریکا رێبەرایەتی شەڕی داعش و تووندڕۆکان بکات. ئەگەر نەیکات، رووبەڕووی مەترسی زیندووبوونەوەی داعش دەبینەوە کە ناوچەکە، ئەمریکا و جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە."
لە حوزەیرانی پار لە ئێکس نووسی "هانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدەم دەستبەجێ رێککەوتنەکەی بەغدا-هەولێر جێبەجێبکات بەمەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە."
لە نامەیەکیشیدا بۆ بایدن لە ئەیلوولی پار، وۆڵتز لەبارەی کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە جێ متمانەترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری کردووە، کەچی هێشتا لە رووی ئابوورییەوە دەخنکێندرێت و لە رووی سیاسی و یاسایشەوە گوشاری دەخرێتەسەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ