کەشناسیی ئازەربایجان: لە ساڵی 1995ـەوە ئاستی ئاوی دەریای قەزوین سێ مەتر دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ لە کەناراوێکی شاری باکووی ئازەربایخان لەسەر دەریای قەزوین نیمچە دوورگەی نوێ دروست دەبن و کەشناسیی نیشتمانیی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئاستی ئاوی دەریاکە لە ساڵی 1995ـەوە "سێ مەتر دابەزیوە."
رۆشڤان عەباسۆڤ، مامۆستای زانکۆ لەبارەی کەمبوونەوەی ئاو لە دەریای قەزوین باس لەوە دەکات کە "ئەگەر سەیری کەناراوەکانی ئازەربایجان لەسەر دەریای قەزوین بکەین، بەتایبەت لە ناوچەکانی نۆڤخانی و لانکاران، دەبینین کە ئەو شوێنانەی پێشتر دوورگە بوو، ئێستا بوونەتە نیمچە دوورگە. دوورگەی گەورەی نوێش دروستبوون. ئێستا کێشە بۆ بەشێک لە کەشتییەکان دروستبووە و ناتوانن بگەنە کەناراوەکە."
دەریاکە کەوتووەتە نێوان سنووری ئازەربایجان، رووسیا، ئێران، تورکمانستان و کازاخستان.
بە گوێرەی دەزگای کەشناسی نیشتیمانی ئازەربایجان، لە ساڵی 1995ەوە ئاستی ئاوی دەریاکە سێ مەتر دابەزیوە.
پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2100 بگاتە 9 بۆ 18 مەتر.
ڤوگار عەبدولاییڤ، بەرپرسی ماسیگرانی باکوو گوتی: "ئێستا لە شوێنێکی وشکداین، بەڵام ئەگەر 10 ساڵ پێش ئێستا لێرە وەستابای، ئەوا 10 بۆ 20 مەتر لەژێر ئاو دەبووی. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دەریای قەزوین پاشەکشەی کردووە، بۆیە دەبێت تۆڕەکان لە دوورتر دابنێین و ئەمەش کاریگەری لەسەر کارەکەمان دەکات."
بەرپرسانی ئازەربایجان باسی هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکە دەکەن.
نازم مەحمودۆڤ، بەرپرسی دەزگای کەشناسیی ئازەربایجان ئاماژە بەوە دەکات: "بەردەوامی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەو رووبارانەی دەڕژێنە دەریای قەزوین و زیادکردنی بەهەڵمبوونی ئاوی رووی دەریا. ئەو هۆکارانە کاریگەری گەورەیان لەسەر ئاستی ئاوی دەریاکە هەبووە."
کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کەناراوەکانی ئازەربایجان لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە، کۆنفرانسی کەشوهەوای گۆڕانی کەشوهەوا لەو وڵاتە دەستیپێکرد.
ئامانج لەو کۆنفرانسە گفتوگۆکردنە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دابینکردنی زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ وڵاتانی پەرەسێن بۆ رووبەڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکەیە.