رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە مارکۆ رۆبیۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و ریچارد گرینەڵ، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا بۆ ئەڵمانیا بەربژێرن بۆ بوون بە وەزیری دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا.
زۆربەی ئاماژەکان دەڵێن، چانسی رۆبیۆ بۆ بوون بە وەزیری دەرەوە زیاترە.
مارکۆ رۆبیۆ کێیە؟
مارکۆ رۆبیۆی تەمەن 53 ساڵ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لەدایکبووە. دایک و باوکی خەڵکی کوبان.
رۆبیۆ ساڵانی 2006 بۆ 2008 سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا بووە؛ لە ساڵی 2011وە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە. ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و چوار منداڵی هەیە.
روبیۆ و پرسی کورد
رۆبیۆ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە 2017 - 2021 دژایەتیی خۆی بۆ هەندێک لە بڕیارەکانی ترەمپ دەربڕی، بەشێک لەوانە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو.
کانوونی یەکەمی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا کشانەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ئەو کات 6 سیناتۆری دیاری ئەنجوومەنی پیران، لەنێویاندا لیندزی گراهام، مارکۆ روبیۆ، جین شاهین و کریس مۆرفی لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەیان بە مەترسیدار ناوبرد.
مارکۆ رۆبیۆ بۆ ترەمپی نووسیبوو، "ئەم بەیانییە ئیدارەی ئەمریکا خواستی خۆی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی، نەوەک تەنیا بەشێکی زۆر، بەڵکو کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا راگەیاند."
مارکۆ روبیۆ گوتی، "دەمەوێت بەڕوونی ئەوە بڵێم کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و ئەنجامی زۆر خراپی بۆ ئەمریکا، بۆ بەرژەوەندییەکانمان، بۆ هاوپەیمانەکانیشمان لە مانگ و ساڵەکانی داهاتوودا دەبێت."
تشرینی یەکەمی 2019 سوپای ئەمریکا لە سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی کشایەوە و سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیەی رۆژئاوای کوردستان.
رۆبیۆ نووسی، "لە تووڕەیی کورد تێدەگەم کە رووبەڕووی هەڕەشە و هێرشی هێزەکانی توورکیا بوونەتەوە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا شیاوی ئەوە نین هێرشیان بکرێتەسەر، بەڵکو شیاوی سوپاس و پێزانینن. ئەوان بڕیاری جێهێشتنیان نەداوە، بەڵکو فەرمانیان پێکراوە."
سەرەتای ساڵی 2020یش دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، روبیۆ لە تویتەر نووسی، "لەوانەیە ئێستا کاتی سەربەخۆیی تەواوەتی کوردستان لە باکووری عێراق بێت."
تشرینی یەکەمی 2021، کریس ڤان هۆلێن ئەندامی ئەنجوومەنی پیران-دیموکرات لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژەیاسایەیان پێشکێشی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان کرد و باسی نەهامەتیەکانی گەلی کوردیان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس کرد.
بەشێکی نامەکە پەیوەندی بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکاوە هەبووە.
پەسندکردنی دەستنیشانکراوانی کابینەی ئەمریکا پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی پیران هەیە کە لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی 5ی ئەم مانگەدا کۆمارییەکان زۆرینەیان لە دەست دیموکراتەکان سەندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ