یەکێتیی ئەوروپا جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین دەکاتەوە

13-11-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
جۆزێپ بۆرێڵ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا. وێنە: AP
جۆزێپ بۆرێڵ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا. وێنە: AP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی ئەوروپا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیل فراوان دەکات. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش داوا لە ئیسرائیل دەکات "دانبەخۆیدا بگرێت،" سەرکۆنەی حەماسیش دەکات "کە خەڵک و نەخۆشخانەکان وەک قەڵخان بەکاردەهێنێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە؛ یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بوو. 
 
بوونی کۆدەنگی لە کاتی قەیران و سەختییەکاندا بۆ بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا دڵخۆشکەرە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دڵخۆشە بەوەی هەر 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتییەکە لەسەر یەک راگەیێندراوێکی هاوبەش رێککەوتوون. 
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "داوامان کردووە دەستبەجێ چەند جارێك ئاگربەستی کاتی بکرێن، من مەبەستم ئەوەیە یەک ئاگربەستی کاتی نەبێت، بەڵکو چەند ئاگربەستێك بن تاوەکو رێڕەوی مرۆیی ئامادە بکرێن و رووبەڕووی ئەو بارودۆخە مرۆییە کارەساتبارە ببینەوە کە خەڵکی غەززە تێی کەوتوون، ئێمە داوا لە ئیسرائیل دەکەین دانبەخۆیدا بگرێت تاوەکو ژیانی خەڵکی سڤیل بپارێزین، ئێمە سەرکۆنەی حەماس دەکەین کە خەڵک و نەخۆشخانەکان وەک قەڵخان بەکاردەهێنێت، بەڵام هاوکات ئێمە نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو بارودۆخە زۆر خراپەی کە نەخۆشخانەکان پێیدا تێدەپەڕن کە بەهۆی بۆردوومانکردنەوە زیانیان بەر کەوتووە".
 
ئەنالینا بێربۆک، خانمە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا تازە لە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی. ئەو دەڵێت، دۆخی مرۆیی لە غەززە وێرانە و بە مافی ئیسرائیلیش دەزانێت لە دژی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بەرگریی لەخۆی بکات. 
 
بێربۆک دەڵێت، "ئێمە وەکو وڵاتانی ئەوروپا هەرشتێک هەبێت، دەیکەن تاوەکو ئەم خەمەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە کۆتایی بێت. بۆ ئەم بابەتەش خاڵی هاوبەش ئەوەیە، کە دەبێت شەڕ بوەستێت."
 
ژۆن ئاسەلبۆرن لە ساڵی 2004ـەوە وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگی بچووک بەڵام کاریگەرە. رەخنە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپی دەگرێت کە لە کاتی پێویستدا کاری پێویستییان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیلیان نەکردووە. 
 
ئاسلبۆرن دەڵێت، "چارەسەری دوو دەوڵەت لەسەر مێزی گفتوگۆکان بوو. لە ئاناپۆلیس لە ساڵانی 2007 بۆ 2008 ئێمە زۆر نزیکبووین. بە بڕوای من یەکێک لە گەورەترین کێشەکان کە ئێمە کردمان وەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپی خۆمان بە چارەسەری دوو دەوڵەت سەرقاڵ نەکرد. ئێستا هەر کەسێک دەڵێت، چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستی بە دروستکردنی دوو دەوڵەتە، لەکاتێکدا لە 10 ساڵی رابردوو کار بۆ ئەم بابەتە نەکراوە. ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا نەمانتوانی بڵێین ئۆرشەلیم [قودس] پایتەختی دوو دەوڵەتە."
 
یەکێتیی ئەوروپا بە هەڵوێستی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیلە و کاریش بۆ ئەوە دەکات، رووە ماکیاژکراوەکەی بە مافەکانی مرۆڤ کە پێشانی رای گشتی دەدات، بەپاکی لەم قەیرانە کۆن و ئاڵۆزە رزگار بکات. 
 
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە