رووداو دیجیتاڵ
سەدان هەزار کەس لە شارەکانی پاریس، لیۆن، نیس و ستراسبۆرگی فەرەنسا بەرامبەر 'زیادبوونی تاوانی دژ بە جوو' خۆپێشاندانیان کرد.
ئەوان دژی هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر جووەکانی فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە حکومەت کرد، رێگریی لەو هێرشانە بکات.
لەوبارەیەوە، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا رایگەیاندووە، "زۆر ئاڵای فەرەنسی لەنێو خۆپێشاندەران دەبینم، بەڵام ئەوە ئاڵاکە نییە یەکمان دەخات، بەڵکو بەها دیموکراسی و مرۆییەکانە یەکمان دەخات؛ بۆیە هێرشی دژە جوو، هێرشە بۆ سەر ئاڵا و کۆمارەکەمان".
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە هەزار تاوان و پێشێلکاریی دژی جووەکان لە فەرەنسا تۆمار کراون.
لە بەریتانیاش پۆلیس دەڵێت، لەو کاتەوەی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە هەڵگیرساوە، هەزار و 338 هێرشی دژی جووەکان تۆمار کراوە؛ هەرچی لە ئەمریکایە لەو ماوەیەدا 312 هێرشی دژە جوو تۆمار کراون.
لە ئەڵمانیاش، نزیکەی دوو هەزار تاوان دژی جووەکان تۆمار کراون.
ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "هەر جۆرە پێشێلکارییەک دژی جووەکان، کۆمەڵگەکەمان ژەهراوی دەکات. ئێستا خۆپێشاندان و گردبوونەوەی موسڵمانان هەیە، ئێمە بەرامبەر هیچ کردەوەیەکی دژە جوو لێبووردە نابین".
فەرەنسا لە دوای ئیسرائیل و ئەمریکا، زۆرترین جووی تێدا دەژی کە ژمارەیان نزیکەی 500 هەزار کەسە.
لە 7ی مانگی رابردوویشەوە، 138 کەسی پەیوەندیدار بە هێرشی سەر جووەکان لە فەرەنسا دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ