دەیڤید کامیرۆن بووە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا؛ جەیمس کلێڤەرلیش بووە وەزیری ناوخۆ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە وزارییەکانی کابینەکەی دەکات. لەو چوارچێوەیەدا سوێلا براڤەرمان لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دوورخرایەوە؛ جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوە دەبێتە وەزیری ناوخۆ؛ دەیڤید کامیرۆنیش دەبێتە وەزیری دەرەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە کابینەکەیدا کرد. لە چوارچێوەیەدا سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
براڤەرمان دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، بوون بە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جێگەی خۆشحاڵی زۆری بووە و هەر کاتێكیش گونجاو بوو، قسەی زیاتر لەبارەی ئەو ماوەیە دەکات ئەو پۆستەی هەبووە.
دوای ئەو بڕیارە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ بەڕێوەبردنی وەزیری ناوخۆ راسپێردرا.
جەیمس کلێڤەرلی رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2022 بووە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن ریشی سووناکەوە کرایە وەزیری ناوخۆ.
کلێڤەرلی دوای راسپاردنی بۆ راپەڕاندنی ئەرکە نوێیەکەی، لە تویتێکدا گوتی، "ئامانجەکەم روونە. ئەرکی من بریتییە لەوەی خەڵکی ئەم وڵاتە سەلامەت بن."
هاوکات دەیڤید کامیرۆن بووە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا. دەیڤید کامیرۆن لە 11ـی ئایاری 2010 تاوەکو 13ـی تەمموزی 2016 سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بوو و ئیدی لەمەودوا وەکو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کاردەکات.
کامیرۆن دوای راسپاردنی بۆ بوون بە وەزیری دەرەوە گوتی، لەگەڵ هەندێک لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران هاوڕا نییە، بەڵام ریشی سووناک سەرکردەیەکی بەهێز و بەتوانایە.