بەربژێرێکی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە

رووداو  دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بەربژێرێکی دیاری حیزبی کۆمارییەکان کشانەوەی خۆی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن راگەیاند، ئەمڕۆ بەربژێرێکی دیکەش بڕیاریدا بکشێتەوە و، گوتی "دەنگدەرەکانم پەیامێکیان پێداوم، کە جارێ کاتی نییە."
 
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، تیم سکۆت، بەربژێری پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا کە ساڵی 2024 دەکرێت، کشانەوەی خۆی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن راگەیاند و گوتی، "جارێ کاتێکی گونجاو نییە."
 
بەپێی نوێترین راپرسییە بڵاوکراوەکانی ئەمریکا، تیم سکۆتی 58 ساڵ، لەنێو 9 کاندیدەکەی پارتی کۆمارییەکان پلەی شەشەمی گرتبوو، کە رێژەی تەنها 2.5٪ـی متمانە و دەنگی خەڵکی بەدەستهێنابوو. 
 
شەوی رابردوو، بەربژێرەکەی باشووری کارۆلاینا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "من ئیدی هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردنم رادەگرم، چونکە پێموایە دەنگدەرە ئەمریکییەکان بە روونی پێم دەڵێن: تیم، جارێ نا."
 
لە درێژەی قسەکانی تیم سکۆت گوتی، "هەرگیز، بوونە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پلانمدا نەبووە."
 
لە ئەمریکا هەر بەربژێرێک ئەگەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بکشێتەوە، دەتوانێت پشتگیریی خۆی بۆ بەربژێرێکی دیکە رابگەیێنێت بۆ ئەوەی دەنگەکانی زیاتر بێت. لەوبارەوە، تیم سکۆت راستەخۆ پشتگیریی خۆی بۆ هیچ بەربژێرێکی دیکە رانەگەیاند و گوتی، "داوا لە هەموو دەنگدەرەکانمان دەکەم خوێندنەوەیەکی باش بۆ بەربژێرەکانی کۆماریی بکەن و سەیری رابردوویان بکەن، ئینجا باشترین بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکە بدەن. باشترین رێگە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بم ئەوەیە؛ بارگرانی نەخەمە سەرتان لەبارەی ئەوەی پێویستە پشتگیری لە کێ بکەن."
 
شەش مانگ بەرلە ئێستا و لە مانگی 5ـی ساڵی 2023، تیم سکۆت خۆی وەک بەربژێری خولی داهاتووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ناساند و سەردانی چەند ویلایەتێکی کرد. ئەو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژارددان هەمیشە جەختی لەسەر باوەڕی خۆی بۆ مەسیح و چۆنییەتی گەورەبوونی لە خێزانێکی هەژار دەکردەوە. 
 
کشانەوەی تیم سکۆت رووداوێکی نوێ نییە، پێشتر مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای پێشوو لە هەمان حیزب کشانەوەی خۆی راگەیاند. 
 
رۆژی شەممە، 28-10-2023، پێنس لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوپەیمانیی جووە کۆمارییەکان لە لاس ڤێگاس بەشداربوو و ئامادەبووەکانی تووشی حەپەسان کرد کاتێک وازهێنانی خۆی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راگەیاند. پێنس بووە یەکەمین بەربژێری دیاری هەڵبژاردنی 2024 کە دەستبەرداری بێت. 
 
کۆمارییە تەمەن 64 ساڵییەکە گوتی، "بۆ من روون بووەتەوە کە ئەمە کاتی من نییە. دوای نزاکردن و بیرکردنەوەیەکی زۆر، بڕیارمداوە هەڵمەتی خۆم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەڵپەسێرم."
 
تیم سکۆت لە ساڵی 2013ـەوە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ویلایەتی باشووری کارۆلاینا دەستبەکارە.