سوێد داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، وڵاتەکەی بە فەرمی داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران وەکو رێکخراوێکی "تیرۆریستی" بناسێنن. دەشڵێت، ئەمە بەهۆی رۆڵی سوپاکەیە لە زیادکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا.
رۆژی یەکشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2024، ئولف کرستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "بە جیدی دەمانەوێت سوێد و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندیی نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و رۆڵی وێرانکەریان نەک تەنیا لە ناوچەکە (رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)، بەڵکو لە بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، لەوانە سوێد ئاشکرا بکەن."
ئاژانسی هەواڵگریی سوێد، ناسراو بە ساپۆ، ئێرانی بە ئەرکدارکردنی ژمارەیەک گرووپی تاوانکاری بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکە تۆمەتبارکردووە، تارانیش تۆمەتەکانی رەتکردوونەتەوە. پار بەرپرسانی ستۆکهۆڵم، دوو جار تارانیان بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و ئەم ساڵیش دووجار بە هێرشکردنە سەر کۆمپانیایەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەیان تۆمەتبارکرد.
سەرۆکوەزیرانی سوێد ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە هاوبەشی سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆرەوە. جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەمە کاریگەریی زیاتری دەبێت بەراورد بە سزادانیان.
سوپای پاسدارانی ئێران بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی ئێران. جگە لەو داوایەی سوێد، ژمارەیەک وڵات ئەو سوپایەیان وەکو "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندووە، دیارترینیان ئەمریکا و کەنەدان.
ئایاری ئەم ساڵ، میدیای سوێد بە پشتبەستن بە بەڵگەیەکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، رەوا مەجید، سەرۆکی گرووپی تاوانکاری فۆکسترۆت و ئیسماعیل عەبدۆ، سەرۆکی گرووپی رومبا لەلایەن ئێرانەوە بۆ تاوانکردن ئەرکدارکراون. سەرەتای ئەم مانگە میدیای ئەو وڵاتە گوتیشی، دواین دوو هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە کۆپنهاگن و ستۆکۆڵم لەلایەن گرووپی فۆکسترۆتەوە بە فەرمانی ئێران کراون.
رەوا مەجیدی تەمەن 37 ساڵ کە لە میدیای سوێدی بە "رێوی کورد" ناوی دەهێندرێت، سەرکردایەتیی گرووپێکی بەناوی "فۆکسترۆت" دەکرد و ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی خۆی شاردبووەوە، لە رۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەکاتی پەڕینەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوور لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکرا. دواتر باوکی بە میدیای سوێدی راگەیاند، کوڕەکەی لە ئێران زیندانی کراوە.