لە چین فرۆشگە هاوچەرخەکان بەبێ کارمەند پێشوازی لە کڕیاران دەکەن

رووداو - چین 

لە چین، فرۆشگەی تەواو هاوچەرخ بەبێ ئەوەی هیچ کارمەندێکیان لێبێت، پێشوازی لە کڕیارەکان دەکەن. کڕیار بە بارکۆدێک دەچێتە ژوورەوە، هەر لە رێگەی مۆبایلیشەوە پارەی کەلوپەلەکان دەداتە ئامێری زیرەک.
 
فرۆشگە هاوچەرخەکان پێچەوانەی زۆربەی مۆڵ، بازاڕ و مارکێتەکان، کە زۆربەیان تاوەکو کاژێر 09:00 بۆ 10:00ـی شەو کراوەن، 24 کاژێر پێشوازی لە کڕیاران دەکەن.
 
چێن جون چێن، خوێندکارە لە پەکین و دەڵێ "هاتوومەتە ئێرە بۆ یاریکردن. لە بنەڕەتدا لە پەکین نەژیاوم و بینینی دووکانە بێ خاوەنەکان تەواو نایاب بوو، دڵخۆش بووم کە هاتم و تاقیمکردنەوە. هەستێکی زۆر خۆش بوو، ئامێرەکان زۆر یارمەتیدەری کڕیارەکانن."
 
زیرەکیی دەستکرد، تۆڕی خێرای 5G و ئینتەرنێتی شتەکان یان IoT، سێکوچکەی ئەو پێشکەوتنەن لەجیهانی زنجیرە مارکێتەکان. هەموو جووڵەیەک لە رێگەی زیرەکیی دەستکرد و کامێرای چاودێرییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. ئەگەر کڕیار جووڵەیەکی نامۆ بکات، لە رێگەی بڵندگۆوە ئاگادار دەکرێت، ئەگەر پێویستیش بکات، پۆلیس دێتە سەر هێڵ. 
 
وو شو یا، خوێندکارێکی دیکەیە لە پەکین و دوای ئەوەی چپسێکی لە دووکانێکی زیرەک کڕیوە، بە رووداوی گوت "پێموایە ئەم ئەزموونە زۆر تایبەتە، چونکە لە شارەکەم (وهان) فرۆشگەیەکی لەو شێوەیە نییە."
 
کۆمپانیای تایبەتی تەکنەلۆژیای زانیاری، فرۆشگە زیرەکەکان بۆ زنجیرە مارکێتەکان بەڕێوەدەبەن، لەبەرامبەر 6٪ـی داهاتی فرۆشتن. 
 
وانگ چانگ، سەرپەرشتی مارکێتێکە و دەڵێ "زیرەکی ئەم سیستەمە سەرەتا لەوەدا رەنگ دەداتەوە، کە تۆمارکردنی ناوی راستەقینەی کەسەکان بۆ بازاڕکردن، سکانکردن و کڕین لە چین جێبەجێکراوە. کڕیاران تەنها بە سکانکردنی کۆدەکە دەتوانن بچنە نێو فرۆشگەکە، ئەمەش کێشەی دزینی بەرهەمەکان و نەتوانینی دۆزینەوەی کەسەکان مەحاڵ دەکات."
 
لە ساڵی 2025 ژمارەی فرۆشگە زیرەکەکان لە چین بۆ 60 هەزار پرۆژە بەرزدەبێتەوە، قەبارەی بازاڕی فرۆشگە زیرەکەکان لە ساڵی 2024 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 ملیار یوانە، کە دەکاتە نزیکەی 7 ملیار دۆلار. 
 
لەو مارکێتە زیرەکانەی پەکین کە کەلوپەل و کاڵایێک دەکڕی، تاوەکو بارکۆدەکەی سکان نەکەیت و پارەکەی نەدەیت، دەرگای چوونەدەرەوە بە رووتدا ناکرێتەوە.