پاپای ڤاتیکان داوا دەکات رێز لە هێزەکانی یونیفیڵ بگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

پاپا فرانسیسی ڤاتیکان داوا دەکات رێز لە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) لە لوبنان بگیرێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە چەند جارێک لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر پێگە و بارەگەکانی و ژمارەیەک سەربازی بریندارکران. 
 
رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان لە ڤاتیکان قسەی بۆ ئۆکراینییەکان کرد. پاپای ڤاتیکان گوتی: "من لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە فەلەستین، ئیسرائیل و لوبنان نزیکم و داوام کردووە رێز لە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت."
 
یونیفیڵ رایگەیاندووە، چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل، بە تایبەتی لە شارۆچکەی ناقوورە کە بارەگای سەرەکی لێیە. 
 
لانیکەم پێنج سەربازی ئاشتیپارێز بە تەقە و گوللەتانکی هێزەکانی ئیسرائیل برینداربوون. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و لوبنان تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە.
 
فرانسیس گوتی: "جارێکی دیکە داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ لە هەموو بەرەکان دەکەم بۆ ئەوەی رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی بگیرێتەبەر. نزا بۆ هەموو قوربانیان دەکەم، بۆ ئەوانەی دەربەدەربوون، بۆ بارمتەکان. هەروەها هیوادارم ئەم نەهامەتییە گەورە و ناپێویستە، کە هەڵقوڵاوی رق و کینە و تۆڵەسەندنەوەیە، لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی پێ بێت." 
 
پاپای ڤاتیکان هەروەها گوتی: "برایان، خوشکان، جەنگ وەهمە، هەرگیز ئاشتی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، هەرگیز ئاسایش بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بۆ هەمووان شکستە."
 
فرانسیس رۆژی هەینی لە ڤاتیکان لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە، لەکاتێکدا کیێڤ زستانێکی سەختی لەپێشە؛ شەڕەکەی لەگەڵ رووسیا بەردەوامە و ژێرخانی وزە و کارەباکەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیاوە زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە. 
 
فرانسیس گوتی: "داوا دەکەم رێگە نەدرێت ئۆکراینییەکان لە سەرما بمرن. هێرشی سەر خەڵکی سڤیل بوەستێنن."