رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تاران رایدەگەیێنن، ئەمریکا ناتوانێت لەو رێککەوتنە پاشگەزببێتەوە، کە تێیدا ئێران شەش هاووڵاتی ئەمریکی ئازادکرد و ئەمریکاش لە بەرامبەردا دەبێت شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، عەلی کەریمی، گوتەبێژی نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، "حکومەتی ئەمریکا دەزانێت کە ناتوانێت لە رێککەوتنەکە پاشگەزببێتەوە".
کەریمی دەشڵێت: "ئەو پارەیە مافی گەلی ئێرانە و لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابینکراوە."
پارەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئاڵۆگۆڕکردنی بەندکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئازادکرابوو. لەو رێککەوتنەدا، پێنج بەندکراوی ئەمریکی لەلایەن تارانەوە ئازادکران لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئەو شەش ملیار دۆلارەی داهاتی نەوتی ئێران کە لە بانکەکانی کۆریای باشووردا سڕکرابوو، گوێزرابووەوە بۆ سەر هەژمارە بانکییەکانی قەتەر بۆ ئەوەی ئێران لەوێوە بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریبهێنێت.
رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلئەڤیڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "چاودێرییەکی چڕمان بەسەر پارەکەوە هەیە و مافی سڕکردنیمان هەیە."
هەمان رۆژ، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە "بڕیاردراوە رێگە بە ئێران نەدرێت ئەو پارەیە بەکاربێنێت."
ساڵی 2011 کۆریای باشوور زیاتر لە شەش ملیار دۆلار پارەی خستە سەر هەژمارێکی تایبەتی ئێران لە بانکەکانی ئەو وڵاتە، کە زیاتر پارەی نەوت بوو. بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، "ئەوکاتە، پارەکە کرا بە وۆنی کۆری و خرایە سەر هەژمارەکەمان لە کۆریای باشوور، بەڵام لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا کە پارەکە دەستی بەسەردا گیراوە، نەک هیچ سوویەکی نەچووەتەسەر، بەڵکو بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی کۆرییەوە، نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانیشمان بەرکەوتووە."
رۆژی 18-9-2023، بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، ئێران پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی ئازاد کرد لە بەرامبەر ئازاد کردنی شەش ملیار دۆلاری داهاتی نەوتەکەی. ئەو دوو نەیارە سەرسەختە، هەروەها رێککەوتبوون شەش ملیار دۆلاری ئێران کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە کۆریای باشوور سڕکراوە، بگوازرێتەوە سەر هەژمارێکی بانکی لە قەتەر بۆ ئەوەی تاران بتوانێت تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی وەک کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ