رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری درێژکردنەوەی باری نائاسایی بۆ سووریا، کە بە بڕیاری "باری لەناکاوی نیشتمانی" ناسراوە، درێژکردەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی بە "گەورەترین مەترسی" بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها ئاسایشی ئەمریکا ناوبرد.
رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری درێژکردنەوەی باری لەناکاوی بۆ ئەمریکییەکان لەسەر سووریا درێژکردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دۆخی سووریا هێشتا مەترسییە و جێگیر نییە و بڕیارەکەشی بۆ کۆنگرێس رەوانە کردووە.
لەو راگەیێندراوەدا، سەرۆکی ئەمریکا هێرشە بەردەوامەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریای بە یەکێک لە مەترسییەکانی سووریا ناوبردووە.
بایدن دەڵێت، "دۆخی سووریا و بەتایبەت کردارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، زیان بە هەڵمەتی لەنێوبردنی داعش لە عێراق و سووریا دەگەیێنێت، ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها زیانیش بە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیێنێت، هەروەها مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتیی دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکات."
بڕیاری راگەیاندنی باری لەناکاو بۆ ئەمریکییەکان لە سووریا لە 14ی تشرینی یەکەمی 2019 راگەیێندرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سەرێکانێ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و لەو کاتەشەوە، ساڵانە سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی درێژ کردووەتەوە و ئەمساڵیش بۆ 12 مانگی دیکە لەلایەن بایدنەوە درێژکرایەوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2023 گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، خستنەخوارەی درۆنێکی سوپای تورکیای لەسەر ئاسمانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و ئاشکرای کرد، "هێزەکانی ئەمریکا تێبینییان کردبوو کە درۆنەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رۆژی پێنجشەممە چەند هێرشێکیان کردووە و بەشێکیان لە سنووری (ناوچەی قەدەخەکراودا) بوون لە نزیک حەسەکە، کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەربازانی ئەمریکییەوە دوور بوون."
رۆژێک دوای ئەو رووداوەش، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، خستنەخوارەوەی درۆنەکەیان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکووری سووریا نەبووە.
لە رۆژی 4ی تشرینی یەکەمی 2023وە هێزەکانی تورکیا، زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ژێرخان و شوێنە هەستیارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە کە زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویکردوونەتەوە، لە چوارشەممەی رابردووەوە تورکیا 180 شوێنی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووەتە ئامانج، لەوانە 14 وێستگەی سووتەمەنی، نۆ وێستگەی کارەبا؛ هەشت وێستگەی ئاو؛ 220 نانەواخانە، دوو نەخۆشخانە و 48 قوتابخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ