چین تەمەنی خانەنشینیی بەرزکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمی چین لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان لە 60 بۆ 63 ساڵی و ژنانیش لە نێوان 50 بۆ 55 ساڵی بۆ 55 بۆ 58 ساڵی بەرزکرایەوە، ئەمەش وەکو هەوڵێکی وڵاتەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیربوونی کۆمەڵگەکەی و قەیرانی دیمۆگرافی. 
 
رۆژی هەینی، 13ی ئەیلوولی 2024، میدیای فەرمی چین (شینوا) بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینبوونی پیاوان لە 60 ساڵییەوە کرایە 63 ساڵی. بۆ ژنانیش لە 50 بۆ 55 ساڵییەوە کرایە 55 بۆ 58 ساڵی"، خانەنشینبوونی ژنان بە گوێرەی ئەو کارەیە کە دەیکەن. 
 
چین بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە بەدەست پیربوونی کۆمەڵگاکەیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئەو وڵاتە وەکو یەکێک لە گەورەترین هێزی ئابووری جیهانی دادەندرێت. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی 2000 کەسانی سەروو 60 ساڵ تەنیا 10٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە بوون، ئێستا ژمارەکە 37٪یە و پێشبینیش دەکرێت 2080 بگاتە 48٪ی دانیشتووان. 
 
میدیای فەرمی چین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بەرزکردنەوەیە بە قۆناخ دەبێت. لە ساڵی 2025ـەوە دەستپێدەکات و بە 15 ساڵ  جێبەجێدەکرێت. لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی تەمەنیان گونجاوە بۆ خانەنشینبوون، دەتوانن بە رێککەوتن لەگەڵ خاوەن کارەکانیان بەردەوام بن لەکار کردن. 
 
ئەم بڕیارە دوای "لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەبارەی تێکڕای پێشبینی تەمەن، تەندروستیی خەڵک، پێکهاتەی دانیشتووان، ئاستی خوێندەواری و هێزی کار لە چین" دراوە. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی بازاڕی دارایی نەسدەق، پێش ئەم بەرزکردنەوەیە، تەمەنی خانەنشنیی چین چوارەم کەمترین تەمەن بووە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە لەدوای هەریەک لە وڵاتانی ئیندۆنیزیا، هیندستان و سعودیە.