داواکاری گشتیی ئەڵمانیا: سووریاییەکمان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر سوپا دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە میونشن پیاوێکی سووریایی پلانی هەبووە بە دوو ساتوور هێرشبکاتە سەر ژمارەیەک سەرباز و "زۆرترینیان بکوژێت."
رۆژی هەینی، 13ی ئەیلوولی 2024، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، هاووڵاتییەکی سووریایی تەمەن 27 ساڵیان دەستگیرکردووە کە بە دوو ساتوور پلانی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک سەربازی دانابوو.
داواکاری گشتیی دەشڵێت، هێرشکارەکە ویستویەتی لەکاتی پشووی نانی نیوەڕۆدا هێرشەکە بکات.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لەبارەی پلانی دەستگیرکراوەکەوە ئاماژەی بەوەش کرد، لەو هێرشەیدا پیاوەکە مەبەستی "کوشتنی زۆرترین سەرباز" بووە.
رۆژی 24ی ئابی ئەم ساڵ، هاووڵاتییەکی سووریایی لە شاری زۆلینگنی هەرێمی نۆردراین فێستفاڵیای ئەڵمانیا هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی و تێیدا بە چەقۆ 3 کەسی کوشت و 8ی دیکەشی بریندارکرد.
لە دوای ئەو رووداوەوە وڵاتەکە ژمارەیەک رێکاری گرتوونەتەبەر و ژمارەیەکی دیکەش لە داهاتوودا بڕیاریان لەسەر دەدرێت، دیارترینیان سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە بۆ سووریا و ئەفغانستان.
رۆژی 7ی ئەیلوول، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا راگەیاند، بۆ ماوەی شەش مانگ خاڵی پشکنین لە سەرجەم سنوورەکانی دادەنێت، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ رێگریی لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی. ئەڵمانیا لەساڵی 2015وە خاڵی پشکنینی لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ نەمسا داناوە و ساڵی رابردووش لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا، چیک و سویسرا داینا. بڕیاریشە لە 16ی ئەم مانگەوە، ئەو رێکارە لە سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی فەرەنسا، لۆکسمبێرگ، بەلجیکا، هۆڵەندا و دانیماڕکیش جێبەجێ بکات.
بەگوێرەی حکومەتی ئەڵمانیا، پار زیاتر لە 266 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەڵمانیا و زۆرترینیشیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون. چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، نزیکەی 270 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا پێشکێش بکرێت و نزیکەی نیو ملیۆنیش ئێستا لە قۆناخی وەڵامدانەوەدان.