رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی خزمەتگوزاریی ئەمنیی رووسیا رایدەگەیێنێت، مۆڵەتی شەش دیپلۆماتی بەریتانییان لە وڵاتەکەیان بە تۆمەتی "سیخوڕی و دروستکردنی مەترسیی ئەمنی بۆ سەر رووسیا" هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژی هەینی، 13ی ئەیلوولی 2024، ئاژانسەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "وەکو رێکارێکی تۆڵەسەندنەوە دژی چەند کارێکی دووبارەبووی لەندەن، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا مۆڵەتی شەش کارمەندی بەشی سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیای لە مۆسکۆ هەڵوەشاندەوە."
لەو راگەیێندراوەدا، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانە "کاری هەواڵگرییان" لەو وڵاتەدا کردووە و بەڵگەی پێویستیشیان لەبەر دەستە کە لەندەن هەوڵی گوشار خستنە سەر بارودۆخی "سیاسی و ئەمنی نێودەوڵەتی" دەدات.
هەروەها باسیان لەوە کردووە، بەشی رۆژهەڵاتی ئەورووپا و نێوەڕاستی ئاسیای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ژمارەیەک هەنگاویان ناوە بۆ ئەوەی رووسیا تووشی شکستێکی "ستراتیژی" بکەن.
لەبارەی ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەیەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان تەواو لەگەڵ ئەو هەنگاوەی ئاژانسی خزمەتگوزاری ئەمنی دایە. دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی بەریتانیا ئەو سنوورانەی بەزاندووە کە لە بڕیارنامەی ڤییەنا دا دانراون."
میدیای رووسیا وێنەی شەش دیپلۆماتەکەی لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی رووسیا بڵاوکردووەتەوە کە سەرقاڵی جێهێشتنی ئەو وڵاتە بوون، بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەیان. تاوەکو ئێستا بەریتانیا هیچی لەبارەی ئەو رووداوەوە نەگوتووە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، تۆمەتەکانی رووسیا سەبارەت بەو شەش دیپلۆماتکارانەیان رەتدەکەنەوە و بە "بێ بنەما" ناویان دەبات.
لە شوباتی 2022ەوە رووسیا و ئۆکراینا لە جەنگدان. ئەمریکا، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان پاڵپشتی خۆیان بۆ کیێڤ دەربڕیوە و نزیکەی 400 ملیار دۆلاریش هاوکاری سەربازی و مرۆییان کردووە. ئەم هەنگاوە مۆسکۆی توڕەکردووە و چەندین جار ناڕەزایەتی لەبارەوە پێشان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ