لە فەرەنسا لە رێگەی پرۆگرامێکەوە سەختیی رێگە لەبیر کۆچبەرانی خوار 18 ساڵ دەبرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سیدی، کۆچبەرێکی خەڵکی گینیایە و لە رێی دەریاوە گەیشتووەتە فەرەنسا. ئێستا لە هەرێمی ئیلێ ڤیلێنی دەژی، تەمەنی 17 ساڵە و بووەتە ئەندامی خێزانێکی فەرەنسی.
سیدی، پەناخوازی گینی دەڵێت: "ژمارەیەک هاوڕێم لە کامپ هەبوو و پێکەوە قسەمان دەکرد، خێزانەکان دەهاتن ئەوانیان دەبرد و منیش لەگەڵیان دەچووم. ئەمە وای لێکردم منیش هەمان کار بکەم و بەخۆمم گوت، بۆچی بەختی خۆم تاقینەکەمەوە و ببمە بەشێک لە خێزانێک؟ هەوڵمدا و قسەم لەگەڵ مامۆستاکانم کرد و ئەم خێزانەیان بۆ دۆزیمەوە."
رۆژانە لەگەڵ خێزانەکەی وەکو بەشێک لە پڕۆگرامێک کە لەلایەن هەرێمەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت بەشداری چەند چالاکییەک دەکەن. لەوانە رۆشتن بۆ دارستان، کشتوکاڵ و ئامادەکردنی خواردن و چەندانی دیکە.
سیدی باس لەوە دەکات، "سەرەتا سەختبوو باسی خۆم و رێگەی گەیشتنم بکەم، چونکە بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بوو، بەڵام دواتر وەکو خێزانێکمان لێهات و هەموو شتێکم بۆ روونکردنەوە، ئەمە هاوکاری زۆری دەروونی کردم."
ئەم چالاکییانە بۆ لەبیربردنەوەی ئەو نەهامەتیانەیە کە کەسانی خوار 18 ساڵ لە رێگەی گەیشتنیان بە وڵاتەکە رووبەڕوویان دەبنەوە.
فریدریک چانتران، پیاوی ماڵەکەیە و دەڵێت: "زۆر گرنگە بۆ سیدی خۆی لە دەرەوەی کەمپ ببینێتەوە و لەگەڵ خێزانێکی راستەقینە و جیهانێکی راستەقینەدا بژی. دەتوانین ژمارەیەک چالاکی بکەین کە لەگەڵ تەمەنەکەیدا دەگونجێن."
ساڵانە کەسانێکی زۆری خوار 18 ساڵ بە رێی ئاوی دەچنە وڵاتانی ئەورووپا، ئامانجی زۆربەشیان گەیشتنە بە بەریتانیا.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، پار ملیۆنێک و 130 هەزار پەناخواز داوای مافی پەنابەریێتییان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە 17٪یان خوار 18 ساڵ بوون.