بایدن داوا لە ترەمپ دەکات هێرش نەکاتە سەر کۆچبەرە هایتییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا داوا لە بەربژێری کۆمارییەکان دەکات لە هێرشکردنە سەر کۆچبەرە هاتییەکان بوەستێت. ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند، کۆچبەرەکان "لە برسا سەگ و پشیلە دەخۆن."
 
رۆژی هەینی 13-09-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کرد، بوەستێت لە هێرشکردنە سەر کۆچبەرە هایتییەکانی نێو ئەمریکا.
 
جۆ بایدن گوتیشی، "کۆمەڵگەیەکی خانەدانی هایتی - ئەمریکی هەن لە ئەمریکا لەژێر هێرشدان، ئەمە هەڵەیە و لە ئەمریکا هیچ شوێنێک بۆ ئەم لێدوانانە نییە."
 
رۆژی 11-09-2024 دۆناڵد ترەمپ لە دیبەیتی سەرۆکایەتی بەرامبەر کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان گوتی، "کۆچبەرەکانی شاری سپرینگفیڵد لە برسا سەگ و پشیلە دەخۆن و ئاژەڵە ماڵییەکانی خەڵکی شارەکە دەبەن."
 
کامالا هاریس بەو لێدوانەی ترەمپ پێکەنی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی دیبەیتەکەش بە ترەمپی گوت، بەرپرسانی ئەو شارە پێشتر رایانگەیاندبوو کە ئەو دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی نییە.
 
دیبەیتی دوو بەربژێرەکە لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا بەڕێوەچوو، زیاتر لە 100 خولەکی خایاند، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی 55 رۆژ بۆ دەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە.
 
رۆژی 06-09-2024 وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا پیاوێکی رەشپێست دەردەکەوێت مراوییەکی مرداربووی لەدەستە. لە بڵاوکراوەکە نووسراوە، "سپرینگفیڵد شارۆچکەیەکی بچووکی ئۆهایۆیە. چوار ساڵ لەمەوبەر 60 هەزار کەس لەو شارۆچکەیە دەژیان، ئێستا لەژێر ئیدارەی بایدن و هاریس نزیکەی 20 هەزار کۆچبەری هایتی هێنراونەتە شارۆچکەکە. ئێستا خەریکە مراوی و ئاژەڵە ماڵییەکان نامێنن."
 
تاکە رووداو کە پەیوەندیی بەو دەنگۆیانە هەبێت لە رۆژی 26-08-2024 روویدا، کاتێک ژنێکی 27 ساڵ لە شاری کانتۆن لە ئۆهایۆ پشیلەیەکی ئەشکەنجەدا، کوشتی و خواردی. پۆلیس ژنەکەی دەستگیرکرد و رایگەیاند، نەخۆشیی دەروونی هەبووە. پۆلیس هەروەها ئاشکرای کرد کە ژنەکە کۆچبەر نییە و لەو ویلایەتە لەدایکبووە.