یەکێتیی ئەورووپا: ساڵی رابردوو 3.7 ملیۆن ئیقامەمان داوەتە کەسانی دەرەوەی ئەورووپا

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2023دا سێ ملیۆن و 700 مافی مانەوە (ئیقامە)ی داوەتە کەسانی دەرەوەی ئەورووپا. رێژەی هەرە زۆری ئەوانەی ئیقامەشیان وەرگرتووە وەکو پەنابەر یانیش بۆ یەکخستنەوەی خێزان وەریانگرتووە.
 
یەک لەسەر سێی ئەوانەی مافی مانەوەیان وەرگرتووە، بۆ کار بووە. ئاژانسی داتای یەکێتیی ئەورووپا بە بڵاوکردنەوەی ئەو داتایانە روونیدەکاتەوە کە ئەو ژمارەیە بەرزترین رێژەی پێدانی مافی مانەوەیە کە لە مێژووی یەکێتیی ئەورووپادا تۆمار کرابێت.
 
زۆربەی ئەوانەی ئیقامەشیان وەرگرتووە، ئەوانەن کە لە ئۆکراینا و بێلاڕووس و هیندستانەوە چوونەتە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 
لەنێو ئەوانەدا کە بەپێی یاساکانی پەنابەری ئیقامەیان وەرگرتووە، زۆربەیان هاووڵاتیی سووریا و ئەفغانستانن. هاووڵاتییانی عێراق و ئێران و تورکیا پشکی گەورەیان لەو ژمارانەدا نییە کە بڵاوکراونەتەوە.