هەنگاریا هەڕەشە لە بەلجیکا دەکات و بەلجیکاش نیگەرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی رابردوو حکومەتی هەنگاریا رایگەیاندبوو، ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا لەو 200 ملیۆن یۆرۆیە خۆش نەبێت کە بەهۆی مامەڵەی خراپی بوداپێست بەرامبەر کۆچبەران وەکو سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا دراوە، ئەوە بە شەمەندەفەر و پاس کۆچبەرانی نایاسایی کۆدەکاتەوە و دەیاننێرێتە برۆکسەل.
 
هادجە لەهبیب، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاندووە، ئەوەی هەنگاریا دەیڵێت، دژی پابەندییەکانی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەورووپایە.
 
نیکۆل دە مۆر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆچبەرانی بەلجیکاش دەڵێت، ئەوەی هەنگاریا دەیکات "بێڕێزی"یە بە یەکێتیی ئەورووپا و هیچ کۆچبەرێکی هاتوو لە هەنگاریاوە وەرناگیرێت.
 
فیلیپ کلۆز، سەرۆکی شارەوانیی برۆکسل داوای لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کردووە، ئەگەر کۆچبەران بە پاس نێردرانە بەلجیکا، لەسەر سنوور رێگەیان لێبگیرێت و نەهێڵدرێت بێنە نێو خاکی بەلجیکاوە.