پووتین هۆشداری لە جەنگی نێوان رووسیا و ناتۆ دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

"دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە، تەنیا بهێڵن بیتەقێنین،" ئەمە داواکاریی نوێی ئۆکراینایە لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کە دەیەوێت مووشەکە دوورمەوداکانیان بۆ هێرشکردنە سەر قووڵایی خاکی رووسیا بەکاربهێنێت.
 
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، هەڵگرتنی کۆتوبەند لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکانە بە فریادڕەسی وڵاتەکەی دەزانێت لە بەرامبەر هێرشی رووسییەکان، کە رۆژ دوای رۆژ زیاتر پێشڕەوی دەکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوا ئاگادار دەکاتەوە کە ئەگەر بە مووشەکەکانی ئەوان لە قووڵایی خاکی رووسیا بدرێت، ئەوا ئەو وڵاتانە خۆیان لە جەنگێکی گەورەدا لە بەرامبەر رووسیادا دەبیننەوە. 
 
پووتین دەڵێت، "ئەمە بە واتەی تێوەگلانی راستەوخۆی ئەوان دێت. بێگومان ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی سرووشتی ململانێکە بە شێوەیەکی گەورە بگۆڕێت. بە واتەی ئەوە دێت کە وڵاتانی ناتۆ، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ رووسیا لە جەنگدا دەبن."
 
ئەمریکا کە سەرکردایەتیی ناتۆ دەکات، تاوەکو ئێستا پێیوابووە نابێت ئۆکراینا سەری مارەکە بە دەستی واشنتن پان بکاتەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە رووسیا خاوەن چەکی ئەتۆمییە.
 
رۆژی پێنجشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کیێڤ بوو، داواکاریی یەکەم و کۆتایی ئۆکراینییەکان مووشەکی دوورمەودا بوو. بلینکن گوتی، "بەپەلە" بیر لە داوکارییەکەیان دەکەنەوە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکات، بڕیارە پێدانی ئەو مووشەکانە بە کیێڤ، بابەتێکی سەرەکیی قسە و باسەکانیان بێت.