ترەمپ: دیبەیت لەگەڵ کامالا هاریس ناکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە دوو دیبەیت رووبەڕووی بایدن و جێگرەکەی بویەوە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، دیبەیتی سێیەم لە بەرامبەر کامالا هاریس ناکاتەوە. راپرسییەکیش ئاشکرای دەکات هاریس براوەی دوایین دیبەیت بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ کە تایبەتە بەخۆی رایگەیاند: "دیبەیتی سێیەم روونادات."
شەوی 10-09-2024 دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە دووەم دیبەیتی سەرۆکایەتی رووبەڕووی یەک بوونەوە. دیبەیتەکە بۆ هاریس یەکەمجار بوو، چونکە لە دیبەیتی یەکەم جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشدار بوو، کە ئەوکات بەربژێری دیموکراتەکان بوو، بەڵام دواتر کشایەوە.
ترەمپ نووسی: "کاتێک شەڕکەرێک لە شەڕێکدا دەدۆڕێت، یەکسەر دەڵێت، دەمەوێت یارییەکی دیکە بکەمەوە. راپرسییەکان بە روونی پیشان دەدەن کە من دیبەیتەکەی دژی هەڤاڵ کامالا هاریس، بەربژێری تووندڕۆی چەپی دیموکراتەکانم بردەوە لە شەوی سێشەممە. ئەو یەکسەر داوای دیبەیتی دووەمی کرد."
دوای تەواوبوونی دیبەیتە 105 خولەکییەکە کە کەناڵی ABC نیوزی ئەمریکی پەخشی کرد و هۆڵەکە هیچ جەماوەرێکی تێدا نەبوو، جێن ئۆمەیڵی دیلۆن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس گوتی: "لە نێوان چوونە پێش لەگەڵ هاریس و گەڕانەوە دواوە لەگەڵ ترەمپ، پێویستە خەڵکی ئەمریکا بزانن چ هەڵدەبژێرن؟ ئەمریکییەکان ئەمشەو ئەوەیان بینی و پێویستە دیبەیتی دووەمیش بکرێت. کامالا هاریس ئامادەیە، ئەی دۆناڵد ترەمپ؟"
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی 78 ساڵ لە هۆڵەکە هاتە دەرەوە و پرسیاری دیبەیتی دووەمی لێکرا، گوتی: "دیارە دۆڕاون بۆیە داوای دەکەن. بیری لێدەکەمەوە، بەڵام مادام بردوومەتەوە، وابزانم پێویست بە دیبەیتێکی دیکە ناکات."
دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی پۆستەکەی لە ترووس نووسی: "ئەو لە دیبەیتەکەی کەناڵی فۆکس نیوز بەشداری نەکرد، هەروەها رەتیکردەوە لە دیبەیتی کەناڵەکانی NBC و CBS بەشداری بکات. کامالا هاریس پێویستە سەرنج بخاتە سەر ئەو شتانەی کە دەبوو لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵی رابردوو کردبای."
پێشتر ترەمپ داوایکردبوو دیبەیتێک لە 04-09-2024 لە کەناڵی فۆکس نیوز و دیبەیتێکی دیکە لە 25-09-2024 لە کەناڵی NBC بەڕێوەبچێت.
رۆژی پێنجشەممە، دەزگەی ئیپسۆس تایبەت بە راپرسی و ئامار رایگەیاند، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت کامالا هاریس 47٪ و دۆناڵد ترەمپیش 42٪ دەنگەکان دەباتەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 53٪ـی ئەوانەی بینەری تەواوی دیبەیتەکە یان بەشێکی بوون رایانگەیاند، هاریس بردوویەتیەوە و 24٪ـیش پێیانوابوو ترەمپ براوە بووە. 52٪ـی بینەران رایانگەیاند کە ترەمپ تەتەڵەی کردووە و باش نەبووە و 21٪ـیش گوتوویانە هاریس باش نەبووە. لە نێو دەنگدەرە کۆمارییەکانیش کە پارتەکەی ترەمپە، لە پێنج دەنگدەر یەکێکیان لە ئاستی ترەمپ رازی نەبووە.