باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ڤێتنام گڕدەگرێت و دەیان کەس دەسووتێن


رووداو دیجیتاڵ 

لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون گڕیگرت و بەهۆیەوە زیاتر لە 10 کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، میدیای فەرمیی حکومەتی ڤێتنام بڵاویکردەوە، نیوەشەو ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتووەتەوە کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 150 کەسن و دوای چەند کاژێرێکیش ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە. 
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی ڤێتنام ئاماری قوربانییانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 11 کەس دەکەن کە چواریان منداڵن. 
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی حکومەتی ڤێتنام، تیمەکانی بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان 70 کەسیان رزگارکردووە کە 54یان بریندارن و گوازراونەتەوە نەخۆشخانە، گەڕان بەدوای ئەوانەی دیکەشدا بەردەوامە.
 
پۆلیسی ڤێتنامیش دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە.