پۆلیسی سربیا زیاتر لە 370 کۆچبەر لە سنوووری وڵاتەکەی لەگەڵ هەنگاریا دەستگیردەکات


رووداو دیجیتاڵ 

دەیان کۆچبەر لە باکووری سربیا لەلایەن پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتەوە دەستگیرکران، زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و پۆلیس دەڵێت، هەندێکیان دەمانچەیان پێ بووە.
 
دراگن ڤاسیلجێڤیچ، جێگری بەرپرسی پۆلیسی ناوچەی سبۆتیکا دەڵێت، "لە ناوچەی سبۆتیکا، سۆبۆر و چەندین شوێنی دیکە، سەتان کۆچبەر دەستگیرکران. ناویان تۆمارکراوە و دواتر رەوانەی سەنتەرەکانی تایبەت بە کۆچبەران دەکرێن."  
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەر چوونەتە سربیا. 39٪یان خەڵکی ئەفغانستانن، 14٪ سووریا و 1٪ـیش عێراقیین. 
 
کۆچبەرەکان لە تورکیاوە بەنێو بولگاریادا دەچنە سربیا و لەوێوە هەوڵ دەدەن بچنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا؛ ئەو رێگەیە لەم چەند ساڵەی رابردوودا یەکێک لە قەرەباڵخترینەکان بووە، هەر بۆیە یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت حکومەتی سربیا رێکاری تووندتر بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر. 
 
نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، "رێکارەکانی سربیا لەبارەی کۆچبەران قبووڵکراو نین و ئەوە وایکردووە جموجووڵی کۆچبەران لە رێگەی وڵاتانی بەڵکانەوە زیاتر بێت. دەبێت سربیا سیاسەتی کۆچبەرانی هاوشێوەی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا لێ بکات، ئەمە چاوەڕوانیی ئێمەیە لە ئەوان." 
 
پەڕینەوەی کۆچبەران لە سربیاوە بۆ نێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئاسان نییە؛ لە ساڵی 2014ـەوە نزیکەی 300 کۆچبەر لەو وڵاتە و زۆربەیان لە کاتی پەڕینەوەیان بۆ وڵاتانی دیکە گیانیان لەدەستداوە.