ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیریی رووسیا گەیشتوونەتە ئاگربەست

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەرمینیا دەڵێت سوپای ئازەربایجان 49 سەربازی وڵاتەکەیانی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات کوشتووە، ئازەربایجانیش دەڵێت "ژمارەیەکی زۆری" سەربازەکانی لەلایەن ئەرمینیاوە کوژراون. رووسیاش دەڵێت بە نێوەندگیریی مۆسکۆ هەردوو وڵاتەکە گەیشتوونەتە ئاگربەست.
 
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2022 نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە گوتارێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی لە یەریڤان رایگەیاند، سوپای ئازەربایجان 49 سەربازی ئەرمینیایان لەسەر سنوور کوشتووە. گوتیشی، ئەمە ئاماری کۆتایی نین و پێشبینیی کرد ژمارەی کوژراوان بەرزببێتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا گوتیشی، هەرچەندە بەیانیی ئەمڕۆ دۆخەکە تۆزێک هێور بووەتەوە، "بەڵام شەڕ و پێکدادان هێشتا لەسەر سنوور بەردەوامە."
 
تاوەکو ئێستا ئازەربایجان هیچ ئامارێکی کوژراوانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە ئەرمینیای بە ئەنجامدانی "کاری گەورەی تێکدەدرانە" لە نزیک ناوچەکانی داشکەسان، کەلباجار و لاچین لەسەر سنوورەکەی تۆمەتبارکرد و گوتی، "ژمارەیەکی زۆر"ی کوژراو لەنێو هێزەکانیاندا هەیە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئامارێک بکات."
 
لە ساڵی 2020ـەوە بە درێژایی سنووری نێوانیان بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەرێمی نۆگۆرنۆ قەرەباخ ناوەناوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان یەریڤان و باکوو روویداوە.
  
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 00:05ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی یەریڤان [23:05ـی شەوی دووشەممە بە کاتی هەولێر] ئازەربایجان پێگەکانی سوپای ئەرمینیای بە ئاڕاستەی شارەکانی گۆریس، سۆتک و جەرمووک" لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە نزیک هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی ناکۆکی لەسەر بە سەختی بۆردوومانکردووە. ئەرمینیا دەڵێت، ئازەربایجان لە هێرشەکانیدا درۆنیشی بەکارهێناوە.
 
کاردانەوەکان و ئاگربەست
 
شەڕەکە وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر زوو بێتە دەنگ. تورکیای هاوپەیمانی ئازەربایجان پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە. مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئازەربایجانییەکەی لە تویتێکدا داوای لە ئەرمینیا کرد، "هەراسانکارییەکانی" بەرامبەر بە ئازەربایجان رابگرێت و داواشی لە وڵاتەکە کرد سەرنج بخاتە سەر دانوستاندن لەگەڵ ئازەربایجان.
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، نێوەندگیریی ئاگربەستێکیان لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکەن ئەمڕۆ ئاگربەستەکە کاژێر 9:00 بە کاتی مۆسکۆ [هەروەها بە کاتی هەولێر] بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەمریکا داوای کرد شەڕەکە بوەستێندرێت و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە ئەمریکا "زۆر نیگەرانە" لە هەڵکشانی گرژییەکان، لەنێویدا "هێرشکردنە سەر پێگە سڤیلنشینەکان". 
 
بلینکن گوتیشی کە "وەکو هەمیشە بە روونی گوتوومانە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەم ناکۆکییانە شک نابەین و هەردوولا هاندەدەین بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بێنن". 
 
بەگوێرەی میدیای ئەرمەنی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و تاوتوێی دۆخەکەیان کردووە. 
 
لای خۆشیەوە، فەرەنسا رایگەیاندووە کە کێشەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 
 
مێژووی ناکۆکییەکان و هەرێمی قەرەباخ
 
هەفتەی رابردوو ئەرمینیا ئازەربایجانی بە کوشتنی سەربازێکی لەسەر سنوور تۆمەتبار کرد.
 
لە مانگی ئابیشدا، ئازەربایجان گوتی سەربازێکیان کوژراوە و سوپای قەرەباخیش گوتی کە دوو لە سەربازەکانی کوژراون و دەیانی دیکەش بریدار بوون. 
هەردوو وڵاتە دراوسێکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپاکردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 1988 کە شەش ساڵ بەردەوام بوو. دووەمیش لە ساڵی 2020 بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو. 
 
جەنگەکەی پایزی ساڵی 2020 کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی 6 هەزار و 500 سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی رووسیا ئاگربەست راگەیێندرا. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنتڕۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی 2 هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات.
 
لە کاتی کۆبوونەوەکانی مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا بە نێوەندگرییی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لەسەر ئەنجامدانی "گفتوگۆی پێشکەوتوو" رێککەوتن لەسەر پرسی ئاشتی. 
 
هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەتی لە ساڵی 1991 لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.