لە ئیکوادۆر گرووپێکی چەکدار بۆ پاراستنی سرووشتی دارستانی ئەمازۆن دروستدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپێک لە خەڵکی رەسەنی ئیکوادۆر کە چەکدار کراون، لەنێو دارستانی ئەمازۆن راهێنان دەکەن، ئەوان ژینگەدۆستن و دژی ئەو گرووپانە دەوەستنەوە کە لە دارستانەکە بەدوای کانزا و نەوتدا دەگەڕێن و بە نایاسایی بازرگانیی پێوە دەکەن؛ دەڵێن، هەزاران ساڵ پێش ئێستا باو و باپیرانیان ئەو ژینگە جوانەیان بۆ بەجێهێشتوون، ئەرکی ئەوانە بیپارێزن.
 
ئەلێکساندەر نارڤەیز، پاسەوان دەڵێت، "پاسەوانانی خەڵکی رەسەن گرووپێکی چەکدار نین وەکو بیانییەکان دەمانبینن. ئێمە ناوی خۆمان هەیە کە کویراسوندیخوە، کە بە واتای پارێزەرانی دارستانەکانمان و زەوییەکانمان دێت. ئەم کارە بۆ خۆمانە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە کە ورەمان بەرزە. ئێمە پارێزەرانی خزمەتکارانی زەوییەکانمانین."
 
ساڵانە لە ئیکوادۆر پێنج هەزار و 365 کیلۆگرام ئاڵتوون دەردەهێندرێن. لە جیهان بە گشتی پیشەسازیی دەرهێنانی کانزا 1.9 بۆ 5.1 گیگاتۆن دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات، ئەمەش مەترسییەکی جیددیە لەسەر ژینگە.
 
ئیکوادۆر بەهۆی خاکە بەپیتەکەی، بووەتە لانکەی بازرگانانی بواری کانزا.
 
ئەلێکس لوسیتانتی، پاسەوان گوتی، "هەموو رۆژێک مەترسییەکان زیاد دەکەن. مەترسییەکانی پیشەسازی دەرهێنانی کانزاکان رۆژ لەدوای رۆژ زیاد دەکەن، دووجاکردنی دەرهێنانی نەوتیش لەلایەن حوکمەتەوە مەترسییەکی دیکەیە. ئێمەش بژێویی ژیانمان لەسەر ئەم خاکەیە."
 
دارستانی ئەمازۆن 6.7 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، 135 هەزار کیلۆمەتر دووجای دەکەوێتە ئیکوادۆرەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی هاوپەیمانیی دارستانی باراناوی، ئەمازۆن 20%ی ئۆکسجینی زەوی بەرهەمدەهێنێت. ساڵانە 130 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئەمازۆن لەنێودەچێت. لە ساڵی 2020دا 70 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئەمازۆنەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەمریکا و 93%ی ئەو ژمارەیەش لە ئیکوادۆرەوە بووە. ئەمازۆن 50%ی سەرجەم جۆرەکانی ئاژەڵانی جیهان لەخۆدەگرێت.
 
پلانەکەی حکومەتی ئیکوادۆر بۆ دوو هێندە کردنی دەرهێنانی نەوت و شکانی بۆرییەکی نەوتیش لە ئەمساڵدا کە 6،300 بەرمیلی لێ رژایە نێو دارستانەکەوە، ئەو گرووپەی رق ئەستوورتر کردووە.