سەرۆکی ئۆکراینا: رووسیا دەبێت ناچار بە ئاشتی بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

چەکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەدەستی ئۆکراینا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر چوونەتە نێو خاکی رووسیا؛ ئێستا سەربازانی ئۆکراینی تەنیا 530 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیاوە دوورن.
 
رووسیا هێزێکی گەورەی ناردووەتە هەرێمی کورسک، شەوی رابردووش بە 38 درۆن و دوو مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی "وادیارە، دووژمن بە هاوکاریی گەورەکانی لە رۆژئاوا، بەرنامەی ئەوان جێبەجێ دەکات. رۆژئاوا بە بەکارهێنانی ئۆکراینییەکان لەگەڵ ئێمە لە جەنگدایە. روونە کە دووژمن هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە دانوستاندنەکان لە داهاتوودا بەهێزبکات."
 
ئۆکراینا دەڵێت 1000 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵکردووە و مۆسکۆ دەڵێت کەمترە لە نیوەی ئەم ژمارەیە.
 
ئێستا شەڕێکی قورس لە بەرەکانی کورسک دەکرێ، هێزەکانی ئۆکراینا دەیانەوێت بە ئاراستەی شارەکانی لگۆڤ، بۆلشۆی، سۆلداتسکۆی و کۆرینیڤۆ پێشڕەوی بکەن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ "دادپەروەرانەیە تیرۆرستانی رووسیا لەو شوێنەی هێرشی لێ دەکەن، تێکیان بشکێنی. لە بنکە ئاسمانییەکان و چەکەکانیان بدەی. دیارە ئەمە سوودی زۆرە بۆ گەیشتن بە ئاشتی. رووسیا دەبێت ناچار بە ئاشتی بکرێت."
 
بەهۆی هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر رووسیا، تەنیا لە هەرێمی کورسک 120 هەزار کەس ئاوارە بوون و 59 هەزار کەسی دیکە خۆیان ئامادەکردووە هەرێمەکە چۆڵ بکەن.
 
ئۆکراینا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پێگەکانی رووسیا لە هەرێمی بیلگۆرۆدیش بۆردوومان دەکات، لەوێش 11 هەزار کەس ئاوارە بوون.