ساڵی رابردوو بەهۆی گەرماوە نزیکەی 50 هەزار کەس لە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما لە کیشوەری ئەورووپا، نزیکەی 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە 12ی ئابی 2024، پەیمانگەی بارسێلۆنا بۆ تەندروستیی جیهانی، راپۆرتێکی لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر کیشوەرەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە مەزندە دەکرێت ساڵی رابردوو 47 هەزار و 690 کەس بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستدابێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دەزگەی چاودێریکردنی کەشوهەوای ئەورووپا، پار دووەم گەرمترین ساڵ بووە لەو کیشوەرە لەوەتەی پلەی گەرما تۆمار دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکان ساڵی 2022 زیاتر لە 60 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە لە ئەورووپا گیانیان لەدەستدابوو.
هەروەها ئەو توێژینەوەیە ئاماژەی بەوە کردووە کەسانی بە تەمەنی وڵاتانی باشووری ئەورووپا، زۆرترین مەترسیان لەسەرە.
توێژینەوەکە دەریخستووە زۆربەی کەیسی گیانلەدەستدانەکان لە دوو شەپۆلی گەرمای نێوەڕاستی مانگی تەممووز و ئابی پاردا بوون کاتێک پلەی گەرما لە زۆربەی وڵاتانی باشووری ئەورووپا 44 پلەی تێپەڕاند.
بەڵام توێژینەوەکە ئاماژەشی بەوە کردووە، بەهۆی رێکارە پێشکەوتووەکانی وڵاتانی ئەورووپا، وایکرد ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر نەبێت.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم ساڵ رایگەیاند، پلەی گەرما لە کیشوەری ئەورووپا، لەچاو ناوچەکانی دیکەی جیهان، خێراتر بەرز دەبێتەوە و ئەمەش وایکردووە لەسەرەتای ئەم سەدەیەوە، شەپۆلی گەرما لە ئەورووپا زیاتر و بەتینتر و درێژتر بێت.