لە یەک رۆژدا 703 کۆچبەری نایاسایی چوونە بەریتانیا

رووداو دیجیتاڵ

لە یەک رۆژدا زیاتر لە 700 کۆچبەر خۆیان گەیاندە بەریتانیا، ئەمەش زۆرترین ژمارەی چوونی کۆچبەرانە بۆ ئەو وڵاتە لە رۆژێکدا، لەو کاتەوەی پارتی کار دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. 
 
رۆژی دووشەممە (12ـی ئاب) وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، نوێترین ئاماری چوونی کۆچبەرانی بۆ ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکە رۆژی یەکشەممە 703 کۆچبەر بە یەکجار گەیشتوونەتە بەریتانیا.
 
کێیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە لە 5ـی مانگی رابردووەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیدابوو، تۆڕی قاچاخچییەکان لەنێوبەرێت، بەڵام  لەوەتەی هاتووەتە سەر دەسەڵات، ئامارەکانی چوونی کۆچبەران بەرەو هەڵکشانە.
 
ئەو 703 کۆچبەرە لە رێگەی 11 بەلەمەوە بە نۆکەندی ئینگلیز خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، هەر لە هەمان رۆژدا دوو کۆچبەر لە نۆکەندەکەدا خنکاون و 50 کۆچبەریش لەلایەن هێزی دەریایی فەرەنساوە ئازاد کراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، ئەمساڵ 18 هەزار و 342 کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردووە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 13٪ زیادیکردووە، کە لە هەمان ماوەی پاردا، 16 هەزار و 170 کۆچبەر چووبوونە بەریتانیا، بەڵام 3٪کەمترە بە بەراورد بە 2022 کە لەهەمان ماوەدا، 18 هەزار 978 کۆچبەر بوون. 
 
ئەمساڵ زۆرترین کۆچبەر کە لە رۆژێکدا لە فەرەنساوە بە بەلەم چووبێتنە بەریتانیا، لە 18ـی حوزەیران بوو، لەو رۆژەدا 882 کۆچبەر سنووری بەریتانیایان بەزاند، دووەم زۆرترینیش 1ـی ئادار بوو، تێیدا 711 کۆچبەر چوونە بەریتانیا، بەڵام هەردوو رۆژەکە پێش هەڵبژاردنەکانی 4ـی تەممووز بوو، کە لەو رۆژەدا پارتی کار، دوای 14 ساڵ گەڕایەوە دەسەڵات.