جیهان
سەدان کۆچبەر لەسەر سنووری پۆڵەندا - بێلاڕووس چاوەڕێی بڕینی سنوور دەکەن لە 15-11-2021. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دەسەڵاتداری پۆڵەندا دەیەوێ گشتپرسییەک لە وڵاتەکەی بکات بۆ وەرگرتنی بۆچوونی هاووڵاتییان لەبارەی وەرگرتن یانیش رەتکردنەوەی کۆچبەران، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی کۆچبەران و دابەشکردنیان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە.
رۆژی یەکشەممە، 13ی ئابی 2023، ماتیوز مۆراڤییەکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا و ئەندامی باڵای پارتی یاسا و دادوەری دەسەڵاتداری پۆڵەندا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، کە لەسەر پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ وەرگرتنی هەزاران کۆچبەر کە بەشێوەیەکی نایاسایی روویان لە وڵاتەکەیان کردووە، وروژاند.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا و پارتی دەسەڵاتدار، دەیانەوێت کۆچبەران بکەنە پرسی سەرەکی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پۆڵەندا، کە بڕیارە 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی 2015 کە هەمان پرس بووە هۆی ئەوەی ئەو پارتە دەسەڵات بگرنەدەست.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە پەیامەکەیدا، ئاشکرای کردووە کە دەیەوێت، گشتپرسییەکە لە هەمان رۆژی هەڵبژاردندا بەڕێوەبچێت و پرسیاری گشتپرسییەکەش بریتی دەبێت لە: "ئایا پشتگیریی بڕیاری وەرگرتنی هەزاران کۆچبەری نایاسایی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکەیت، لەسەر بنەمای پلانی گواستنەوەی کۆچبەران کە لەلایەن بیۆکراسییەتی ئەوروپاوە سەپێندراوە؟"
مانگی حوزەیرانی رابردوو، لە برۆکسل، وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپا بە مەبەستی پەسندکردنی پلانی دابەشکردنی بەرپرسیارێتیی قەیرانی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپا کۆبوونەوە. بڕیارەکەش لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی ئەندامەوە پەسند کرا.
بەگوێرەی ئەو پلانە نوێیە کە هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا، هەنگاریا و چیک، رەتیانکردووەتەوە، وڵاتانی ئەندام ناچار دەکات سەرجەم کۆچبەرە نایاساییەکان وەربگرن و تۆماریان بکەن و شوێنی مانەوەشیان بۆ دابین بکرێت، وڵاتانی دیکەش هاوکاری ئەو وڵاتە بکەن کە کۆچبەرەکەی وەرگرتووە لەرێگەی دابینکردنی هاوکاریی دارایی یانیش وەرگرتنی کۆچبەرەکە.
لە ساڵی 2015، سیستمی وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا دووچاری قەیرانێکی گەورە هات، کاتێک زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە زۆربەیان لە سووریا چووبوون.
لەوکاتەشەوە، پۆڵەندا، لە دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا تووڕەیە و برووکسلی تۆمەتبارکردووە بەوەی هیچ هاوکارییەکی نەکردوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران.
لە 7ی حوزەیرانی 2021، قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنوور پۆڵەندا - بێلاڕووس سەریهەڵدا، کاتێک لەماوەی سێ مانگدا، نزیکەی 5 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق بوون، لەسەر ئەو سنوورە گیریانخوارد و بێلاڕووس بەزۆر دەیناردنە سەر سنوور و هێزەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لەچوونی کۆچبەران کرد و لەساڵانی 2021 و 2022، لانیکەم 24 کۆچبەر لەسەر ئەو ناوچە سنوورییانە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ