بە بەشداریی چوار هەزار ئەندامی هێزی ئەمنی، سەرۆکی گرووپێکی مافیا لە زیندانێکی ئیکوادۆر گوازرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێک لە گرووپە مافیاییە هەرە گەورە و مەترسیدارەکانی ئیکوادۆر، لەژێر چاودێریی چڕی پۆلیس و سوپادا، بە قۆڵبەستکراوی گوێزرایەوە بۆ زیندانێک کە تێیدا ئەوپەڕی رێوشوێنی تووندی ئەمنی دەگیرێتەبەر. 

خۆزێ ئەدۆلفۆ ماسیاس کە بە فیتۆ دەناسرێت، سەرۆکی گرووپێکی تاوانکارە بە ناوی لۆس چۆنێرۆس. 
 
رۆژی شەممە 12-8-2023 نزیکەی چوار هەزار پۆلیس و سەرباز بە چەک و زرێپۆشەوە، بەشدارییان لە گواستنەوەیدا کرد. 
 
فێرناندۆ ڤیاڤیسێنسیۆ، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئیکوادۆر، کە 9ـی ئەم مانگە کوژرا، پێشتر ئەم سەرۆک مافیایەی تۆمەتبارکردبوو بەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێ کردووە. 
 
دەزگا ئەمنییەکانی ئیکوادۆر دەڵێن، گرووپەکەی فیتۆ پەیوەندی بە باندێکی دیکەی چەتەکانی مەکسیکەوە بە ناوی سینالۆوا هەیە. 
 
فیتۆ لە زیندانی گوایاکیلەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی لارۆکای رێوشوێنی ئەمنیی تووند. 
 
فێرناندۆ ڤیاڤیسێنسیۆ، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئیکوادۆر، رۆژی چوارشەممە دوای بەشداریکردنی لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردن لە شاری کیتۆ تەقەی لێکرا و کوژرا. 
 
ڤیاڤیسێنسیۆ یەکێک نەبوو لە بەربژێرە هەرە لە پێشەکان، بەڵام کوشتنی بە رۆژی رووناک و کەمتر لە دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنەکان، بووە هۆی تاسانی وڵاتەکە و پیشانیشی دا کە زیادبوونی تاوان دەبێتە چ بەربەستێک لەبەردەم سەرۆکی داهاتووی ئیکوادۆردا. 
 
لەم ساڵانەی دواییدا، توودوتیژیی بەهۆی گرووپە تاوانکارەکان لە ئیکوادۆر، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.