تاڵیبان بەنداوێک نۆژەندەکاتەوە کە ئەمریکا دروستی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

وێستگەی کارەبای بەنداوی کاجاکی لە پارێزگای هێلمەند لە ئەفغانستان، کە نزیکەی 50 ساڵ لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراوە، لەلایەن تاڵیبانەوە نۆژەندەکرێتەوە.

بەرپرسانی تاڵیبان سەردانی وێستگەکەیان کردووە و نۆژەنکردنەوەکە بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ بزووتنەوەکەیان دەزانن.
 
عەبدولغەنی بارەدار، جێگری سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان دەڵێت، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڵاتەکەمانیان بنیاتنەناوە، بەڵکو وێرانیان کردووە. ئێستا خەریکین بە دەست و بازووی خۆمان بنیاتی دەنێینەوە. هەر وڵاتێکیش بۆ ئەم ئامانجە دەیەوێت هاوکارمان بێت پێشوازی لێدەکەین، بەڵام بەدەر لەوە، ئێمە لە کەس ناپاڕێینەوە هاوکاریمان بکات".
 
پێشتر بەنداوەکە لە یەک تۆرباین پێکهاتبوو، بەڵام کۆمپانیای کۆنسترەکشن 77ی تورکی بە چاودێریی تاڵیبان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەیەتی و سێ تۆرباینی نوێی بە تێچووی 160 ملیۆن دۆلار لە وێستگەی بەنداوەکە جێگیرکردووە. هەر بۆیە توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بەنداوی کاجاکی لە 50 مێگاواتەوە بۆ 150 مێگاوات زیادیکردووە.
 
توفان ئۆزجاگ، ئەندازیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "خەڵک و بە تایبەت دانیشتووی گوندەکان دەتوانن کارەباکە بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنن. هەروەها هەردوو پارێزگای قەندەهار و هێڵمەند دەتوانن سوود لە کارەباکە وەربگرن".
 
بەنداوی کاجاکی بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەفغانستان دادەنرێت کە توانای گلدانەوەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و هەروەها سەرچاوەی ئاوە بۆ 720 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی.
 
لە ساڵی 1953 کۆمپانیای مۆریسن نودسنی ئەمریکی دروستی کرد و لە 1973 وێستگەی کارەبای بۆ دانا.