لە کۆلۆمبیا خێزانێک دەستگیرکران کە فاسیان بە چارەسەری کۆرۆنا فرۆشتبوو

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری فلۆریدا لە کۆلۆمبیا، پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ سێ کوڕەکەی دەستگیرکران، دوای ئەوەی پۆلیس پێیزانییەوە کە فاسیان وەکو چارەسەری کۆرۆنا فرۆشتووە.
 
پیاوەکە تەمەنی 62 ساڵە و ناوی مارک گرینۆنە، لەگەڵ کوڕەکانی فاسیان کردووەتە نێو قوتووی بچووک، فرۆشتوویانە، بە خەڵکیان گوتووە چارەسەرەکەمان موعجیزەیە و خەڵک لە کۆرۆنا چاکدەکاتەوە.
 
پۆلیسی فلۆریدا دەڵێت ئەمە یەکەمجاریان نییە ئەو پیاوە و کوڕەکانی خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک، پێشتریش ئەم خێزانە ماددەی پاککەرەوەیان بۆ نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، ئۆتیزم، ئایدز و چەند نەخۆشی دیکە بەکارهێناوە.
 
بەرپرسان هۆشداریانداوە بەهیچ شێوەیەک دەم بۆ ئەو جۆرە ماددەیە نەبەن، چونکە دوانەئۆکسیدی کلۆرینی تێدایە، ژەهراوییە و مرۆڤ دەکوژێت.
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەندین کەس بەهۆی فرۆشتنی ئەم ماددەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەم پیاوەی فێڵیشی لە خەڵک کردووە، لێدوانێکی ترەمپی بەکارهێناوە کە لە مانگی چواردا بە نەزانییەوە گوتی پاککەرەوەکان بۆ پاککردنەوەی سییەکان لە کۆڤید 19 باشن و دەتوانن لە رێگەی سرنجەوە بیخەنە نێو جەستەتان.