كوردانی ناشڤیڵ لە ئەمریکا کەمپینی پشتگیری له‌ گشتپرسی رادەگەیێنن

13-08-2017
رێباز عەلی
ناشڤیڵ له‌ ویلایه‌تی تێنێسی به‌ "كوردستانی بچووك" ناسراوه‌
ناشڤیڵ له‌ ویلایه‌تی تێنێسی به‌ "كوردستانی بچووك" ناسراوه‌
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - ناشڤیڵ، تێنێسی 

کوردانی نیشتەجێی شاری ناشڤیڵ له‌ ویلایه‌تی تێنێسی ئەمریکا، کە بە گەورەترین ره‌وه‌ندی كوردی له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باكوور دادەندرێت، كەمپینێكی  گه‌وره‌ی پشتیوانی له‌ گشتپرسی باشووری کوردستانیان ده‌ستپێكردووه‌ و ده‌خوازن پرۆسه‌ی گشتپرسی به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو ببێت. 

کەمپینەکە دواتر دەبرێتە ویلایەتەکان دیکەی ئەمریکا بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە ژمارە‌یە‌كی زۆر لە‌ رە‌وە‌ندی كوردی تیایاندا نیشتە‌جێن و دوا وێستگەش واشنتنی پایتە‌ختی ئە‌مریكا دە‌بێت. 

ژمارەی رەوەندی کوردی لە ناشڤیڵ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 20 هه‌زار كه‌س. ئەوێ بە كوردستانی بچووك ناسراوه‌.

حیكمه‌ت بامه‌ڕنی، كوردی دانیشتووی ناشڤیڵ دەڵێت "ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئێستا له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگن، هه‌ست بكه‌ن كه‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ هه‌ست و بۆچوونی ئه‌وانن بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م گشتپرسییە‌. ئێمه‌ هیوادارین بتوانین به‌شێكی زۆر كه‌م پشتگیری ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌م گشتپرسیه‌ سه‌ربكه‌وێت".

رابیعه‌ چه‌لكی، کە دانیشتووی هەمان شارە، دەڵێت "به‌ڵێ، 20 جار به‌ سێ - چوار زمان ده‌ڵێین به‌ڵێ. چونكه‌ ئه‌وه‌ مافی ئێمه‌یه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ لایه‌نێك نییه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانه"‌. 

هه‌ندێك له‌ شه‌قامه‌كانی ناشڤیڵ، هه‌ستی غه‌ریبیت له‌ بیر ده‌بەنەوە‌. ژماره‌یه‌كی زۆر بازاڕ و ماركێتی كوردی لەوێ هه‌ن. خواردنگه‌ كوردیه‌كان نێوبانگێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌. 

وه‌ستا عادل گه‌لناسكی چاوه‌ڕێی ئه‌و رۆژه‌ ده‌كات كه‌ كوردستان ده‌بێته‌ وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ. ئەو دەڵێت "هه‌ر كاتێك كوردستانی ئێمه‌ بووه‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا من یه‌كسه‌ر ده‌چمه‌وه‌ بۆ كوردستان. ده‌چینه‌وه‌ جێی باوباپیرانمان. ئه‌وه‌ خه‌ونی ئێمه‌یه"‌.  

 


داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە