گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

ئەکتەر، ئەستێرە و کەسایەتییە بەنێوبانگەکانی جیهان لە مومبایی هیندستان بەشدارییان لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەنانت ئەمبانی، کوڕی موکێش ئەمبانی کرد. بەگوێرەی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، سامانی موکێش ئەمبانی 123.7 ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین پیاوی کیشوەری ئاسیایە و لە ریزبەندیی دەوڵەمەندەکانی جیهان ریزی 11یەمی گرتووە. 
 
رۆژی هەینی، 12ـی تەممووزی 2024، ئەنانت ئەمبانی، تەمەن 29 ساڵ، کوڕی موکێش ئەمبانی، سەرمایەداری هیندی لە شاری مومبای بەشێوەیەکی نەریتی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ رادیکا مێرچانتی هاوتەمەنی پێکهێنا کە کچی سەرمایەدارێکی دیاری وڵاتەکەیە. 
 
ئاهەنگەکانی پێش زەماوەندەکە لە مانگی ئادارەوە دەستیان پێکردووە. بۆ  زەماوەندەکەش، کە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، خێزانە زەنگینەکە 800 میوانیان لە تەواوی ئەورووپا بانگهێشت کردووە. 
 
بەشێک لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد بریتین لە: جۆن سینا، ئەکتەر و یاریزانی زۆرانبازیی ئەمریکی؛ کیم کارداشیان، مۆدێل و رووخساری دیاری تەلەڤزیۆن؛ پریانکا چۆپرا، ئەمیتاب باچان، سەلمان خان، شارۆخان، ئەکتەرانی دیاری بۆڵیوود و مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا. 
 
هاوکات، کەسایەتیی سیاسی و وەرزشیش بەشدار بوون، وەکو: نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان؛ ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا؛ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا)؛ تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و چەندین کەسایەتیی دیکەی دیاری جیهان. 
 
زەماوەندەکە لە شوێنێک رێکخراوە کە شوێنی 16 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە. 
 
ئەمە جاری یەکەم نییە، موکێش زەماوەندی گەورە بۆ کوڕەکانی رێکدەخات؛ لە ساڵی 2018 یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگەکانی هاوسەرگیریی بۆ کوڕێکی رێکخست و 100 ملیۆن دۆلار تێچووەکەی بوو. لەو ئاهەنگەدا گۆرانیبێژی ئەمریکی بیۆنسێ گۆرانی دەگوت. 
 
بۆ زەماوەندی هاوسەرگیریی ئەم کوڕەی، پێشبینی دەکرێت تێچووەکەی 150 ملیۆن دۆلار بێت. 
 
موكێش و خێزانەکەی سەرمایەداری دیاری هیندستانن؛ لەگەڵ براندە بەنێوبانگەکانی وەکو ئارمانی هاوبەشییان هەیە، 40٪ـی بازاڕی مۆبایلیان لە هیندستان بەدەستەوەیە و خاوەندارێتیی تیمێکی پلە یەکی یاریی کریکێت دەکەن کە هێندەی یاریی تۆپی پێ لەو وڵاتە گرنگە. 
 
سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونیان، خێزانەکە لە مومبای باڵەخانەیەکی 27 نهۆمییان هەیە بە ناوی ئانتیلیا و یەکێکە لە سیما دیارەکانی مۆمبای. تێچووی باڵەخانەکە بە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ستافێکی 600 کەسی خزمەتی دەکەن.