حکومەتی عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات چاو بە سزادانى 32 بانکى وڵاتەکەیدا بخشێنێتەوە

13-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکات چاو بە سزادانى 32 بانکدا بخشێنێتەوە کە رێگە نادرێت بانکى ناوەندیى عێراق دۆلاریان پێ بفرۆشێت.
 
ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەیەکى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراق لەگەڵ راین نیلسۆن، یاریدەدەرى وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا بۆ کاروبارى تیرۆر و سپیکردنەوەى پارە بوو، کە لە واشنتن کرا.
 
وەزارەتى دەرەوەى عێراق دەڵێت، "فوئاد حوسێن داواى لە بەرپرسەکەى ئەمریکا کردووە چاو بەو سزایانەى کە خستوویانەتە سەر 32 بانکە عێراقییەکە بخشێننەوە، بەو پێیەی ئەو بانکانە چاکسازیى پەیکەربەندییان دەستپێکردووە."
 
ئەو بانکانە لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکاوە سزادراون و رێگە بە بانکى ناوەندیی عێراق نادرێت دۆلاریان پێ بفرۆشرێت، بە هۆکاری ئەوەى گومان لە مامەڵە داراییەکانیان هەیە کە دەچێتە خانەى سپیکردنەوەى پارە و بەقاچاخبردنى دۆلارەوە.
 
وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاندووە، "سەقامگیریی بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار پاڵپشتییەکى بنەڕەتییە بۆ هێنانەکایەى سەرقامگیریى ئابووری، کۆمەڵایەتى و سیاسی لە عێراق کە حکومەت هەوڵى بۆ دەدات." داوایشى کردووە، دامەزراوە پەیوەندارەکانى ئەمریکا پێداچوونەوە بۆ ئەو بابەتە بکەن.
 
بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا راین نیلسۆن رایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەى ئامادەیە هاوکاری عێراق بێت لە چارەسەرکردنى بەربەستەکانى بەردەم چاکسازییەکانى بەشێوەیەک کە کاریگەریى ئەرێنى لەسەر ئابووریی عێراق هەبێت.
 
لە چەند رۆژى رابردوودا وەزیرى دەرەوەى عێراق چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنى پرسە دارایی و ئابوورییەکانى نێوانیان هەبووە.
 
11ى تەممووز فوئاد حوسێن لەگەڵ جۆن باس، یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى کارگێڕى و سیاسى کۆبووەوە و بە گرنگى زانی چارەسەرێکى خێرا و دادوەرانە بۆ کێشەى پارە بلۆککراوەکانى ئێران لە عێراق بدۆزرێتەوە، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندى هەردوولا بێت و سەقامگیریى دارایی لە ناوچەکە بەهێز بکات.
 
نزیکەى 11 ملیار دۆلارى ئێران لە عێراق بلۆککراوە، بەهۆى ئەو سزا ئابوورییانەى واشنتن بەسەر تارانیدا سەپاندووە.
 
ئەو پارە بلۆککراوەى ئێران، پارەی کڕینى کارەبا و گاز بووە لە کۆمارى ئیسلامى ئێران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە