نەدیم زەهاوی چانسی بوونە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

نەدیم زەهاوی، وەزیری دارایی بەریتانیا کە بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستانە، لە یەکەمین گەڕی هەڵبژاردنەکانی سەرکردایەتیی پارتی پارێزگاراندا نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، بەوەش لە کێبڕکێکە چووە دەرەوە و چانسی بوونە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لەدەستدا.
 
جێرمی هەنت، وەزیری پێشووی تەندروستیش بەهۆی کەمیی دەنگەکانیەوە تووشی هەمان چارەنووس بوو.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، شەش بەربژێر سەرکەوتن، کە ناوەکانیان و ژمارەی دەنگەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
 
- ریشی سوناک، وەزیری پێشووی دارایی: 88 دەنگ
 
- پێنی مۆردۆنت، وەزیری دەوڵەت بۆ سیاسەتی بازرگانی: 67 دەنگ
 
- لیز ترەس، وەزیری دەرەوە: 50 دەنگ
 
- تۆم توگێندهات، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا: 37 دەنگ
 
- کێمی بەیدنۆک، وەزیری پێشووی دەوڵەت بۆ کاروباری حکومەتی خۆجێی و پێکهاتەکان: 40 دەنگ
 
- سوێڵا برەیڤرمن، داواکاری گشتیی ئینگلاند و وەیڵز: 32 دەنگ
 
زەهاوی بە بەدەستهێنانی 25 دەنگ و هەنت بە 18 دەنگ نەیانتوانی ئەو بەربەستە تێپەڕێنن کە بۆ چوونە نێو کێبڕکێی بوونە سەرۆکوەزیران پێویستە، بەربەستەکەش 30 دەنگە. کێبڕکێکە بە چەند قۆناخێکی دیکەدا دەڕوات تاوەکو لە کۆتاییدا تەنیا دوو بەربژێر دەمێننەوە.
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت، لە کۆتایی هەفتەی داهاتووشدا، کێبڕکێکە دەگاتە قۆناخی کۆتایی و دوو بەربژێرە براوەکە دوای ئەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن بۆئەوەی لەم هاوینەدا لەلایەن ئەندامانی پارتی پارێزگارانەوە یەکێکیان هەڵببژێردرێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت 5ی ئەیلوول ئەنجامی دەنگدانەکە رابگەیێندرێت و کەسی براوە دەبێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.
 
کێبڕکێی سەرکردایەتیی پارێزگاران لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، بۆریس جۆنسن وازهێنانی خۆی لەو پۆستە راگەیاند. وازهێنانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پۆستی سەرکردایەتیی پارتی پارێزگاران دوای ئەوە هات کە زیاتر لە 50 وەزیر و بەرپرسی کابینەکەی بەهۆی ئابڕوچوونێکی سیاسیی بۆریس جۆنسنەوە دەستیان لەکارکێشایەوە، کە لەسەری ئاشکرا بوو لە ساڵی 2019 پۆستێکی باڵای بە ئەندام پەرلەمانێک داوە وێڕای ئەوەی کە زانیویەتی ئەندام پەرلەمانەکە تۆمەتبارە بە گێچەڵی سێکسی.
 
تاوەکو هەڵبژاردنەکە دەگاتە ئەنجام، بۆریس جۆنسن لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیادا دەمێنێتەوە؛ بەڵام پارتی کاری بەریتانیا بەردەوام بووە لە گوشارەکانی بۆئەوەی جۆنسن دەستبەجێ کورسییەکەی چۆڵ بکات. یەکێک لە هەوڵەکانیش ئەوە بووە کە لە پەرلەمانەوە متمانە لە خۆی و حکومەتەکەشی بستێننەوە، کە ئەگەر سەربگرێت، دەکرێت بەریتانیا پێویستی بە هەڵبژاردنی گشتی ببێتەوە؛ بەڵام پارتی پارێزگاران، کە زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، شکستیان بەو هەوڵە هێناوە.