توێژینەوەیەک: فیلەکان بە ناوی تایبەت یەکدی بانگ دەکەن

14-06-2024
تەنیا ئەحمەد
چەند زانایەکی زیندەزانی چوونەتە کینیا و لە نزیکەوە دەنگی فیلەکانیان تۆمار کردووە.
چەند زانایەکی زیندەزانی چوونەتە کینیا و لە نزیکەوە دەنگی فیلەکانیان تۆمار کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەوانەیە باوەڕکردنی قورس بێت، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ سەلماندوویەتی بەشێکی ئەو دەنگەی لە فیلەکانەوە دەردەچێت، بۆ بانگکردنی ناوی یەکدییە.
 
چەند زانایەکی زیندەزانی چوونەتە کینیا و لە نزیکەوە دەنگی فیلەکانیان تۆمار کردووە.
 
جۆرج ویتەمیەر، توێژەر لە زانکۆی کۆلۆرادۆ دەڵێت: "ئەو توێژەنەوەیەمان بە تۆمارکردنی دەنگی فیلەکان کرد. ئەوان بە دوو تۆن قسە دەکەن، تۆنێکیان گوێی ئێمەی مرۆڤ نایبیستێت، بۆیە مایکرۆفۆنی تایبەتمان بەکارهێنا بۆ تۆمارکردنی دەنگ و بانگکردنیان. دەبوو زۆر بێدەنگ و زۆر نزیکیش بین لێیان، چونکە تۆنی دەنگ بە زیادبوونی دووری تێکدەچێت."
 
زاناکان دواتر دەنگە تۆمارکراوەکانیان بۆ فیلەکان لێدا و ئەوانیش وەک وەڵامێک بۆ ناوی خۆیان جووڵەیان بە گوێ و لووت کرد.
 
یەکێک لەوانە دۆناتێلایە و گوێی لە ناوی خۆی دەبێت. مارگرێتیش هەست بە ناوی خۆی دەکات.
 
جۆرج ویتەمیەر، توێژەر لە زانکۆی کۆلۆرادۆ باس لەوە دەکات: "هەندێکجار فیلەکان ئەو هەڵسوکەوتە سەرنجڕاکێشە دەکەن کاتێک سەرۆکی گرووپەکە بانگیان دەکات و کۆیان دەکاتەوە، هەموو گرووپەکە بەیەکەوە وەڵام دەدەنەوە. هەندێکجاریش سەرۆک گرووپەکە دەنگێکی هاوشێوە دەردەکات، بەڵام جگە لە یەک فیل، هیچ کام لە فیلەکان وەڵام نادەنەوە و جووڵە ناکەن. ئەو فیلەی بانگکراوە دێتە پێشەوە و وەڵام دەداتەوە. ئەمەش مانای وایە کە فیلەکان رێگەیەکیان هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی دروستبکەن."
 
توێژینەوەکە 25 ساڵی خایاندووە. زاناکان هێشتا نازانن فیلەکان بە گونجاوی لە کام تۆن ناوی یەکدی دەڵێن، بەڵام دڵنیان لەوەی هەر فیلێک لە گرووپێک ناوێکی تایبەت بە خۆی هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە