رووداو دیجیتاڵ
لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس دروستبووە. خۆپێشاندەران لە دژی بڕیاری رادەستکردنی چوار گوندی سنوور بە ئازەربایجان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
روزانا ئاساتریان، یەکێکە لە خۆپێشاندەران و دەڵێت: "داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران نیکۆل پاشنیان دەکەین، سیاسەتەکانی لە چوار ساڵی رابردوودا لە بەرژەوەندیی وڵاتی دوژمن بووە، لەبەرئەوەی ئەو ناتوانێت دڵنیایی سەقامگیریی وڵات بدات."
مانگی ئاداری ئەم ساڵ، ئەرمینیا بڕیاری دا چوار گوندی سنووری رادەستی ئازەربایجان بکاتەوە، کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون.
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا هەنگاوەکەی بە رێککەوتنێکی "زۆر گرنگ" ناوبرد: "سەقامگیریمان دەباتە ئاستێکی نوێ."
بەڵام بڕیارەکەی حکومەتی یەریڤان ناڕەزایەتیی ئەرمینییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین خۆپیشاندانی لێکەوتەوە.
ئەو چوار گوندە، کە پێشتر سەر بە ئازەربایجان بوون و نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەرمینیاوە کۆنتڕۆڵکرابوون.
چوار گوندەکە بریتین لە باخانیس، ئاسخی ئاسکیپرا، هەیریملی و بیرکاربیر-ە کە بەشێکن لە سنوورە هاوبەشە ناکۆکی لەسەرەکەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە هەزار کیلۆمەتر درێژە و زۆربەی ناوچە سنوورییەکانیش رێکاری سەربازی تووندی تێدا گیراوەتەبەر.
بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە ئەو هەنگاوە وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان. بەتایبەت دوای 35 ساڵ شەڕ و کێشە لەسەر پرسی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ.
گاکیک موشاخیان، خۆپێشاندەری ئەرمینییە و دەڵێت: "ئێمە شەڕ دەکەین لەپێناو ئەوەی سەرکردەیەکی ئەرمەنی راستەقینەمان هەبێت. ئەمە تاکە داواکاری ئێمە. ئەویش ئەوەیە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرمان هەبێت. سەرکردەیەک وڵاتەکەی لا پیرۆز بێت، نەک وەکو ئێستا دابەشمان بکات و خۆمان رادەستی دوژمن بکەین."
هەردوو وڵاتە قەوقازییەکە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت، کێشەی سەرەکییان لەسەر خاکی ناگۆرنۆ-قەرەباخ هەبوو. لە ئەیلوولی 2023 ئازەربایجان هێرشێکی گەورەی کردە سەر ناوچەکە و قەرەباخی کۆنترۆڵکرد و لە سەرەتای ئەم ساڵ بە فەرمی قەرەباخی خستە سەر نەخشەی وڵاتەکەی. نزیکەی 100 هەزار کەس بەهۆی جەنگەکەوە ناوچەکەیان بەرەو ئەرمینیا جێهێشت.
ئەرمینیا دۆڕانەکەی خستە ئەستۆی رووسیای هاوپەیمان و رایگەیاند: رووسیا نەیتوانی بەرگریمان لێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ