سوێد لە تورکیاوە ئامادەکاری بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

چوارەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی هەمیشەیی تورکیا، فینلاند، سوێد و ناتۆ، لە ئەنقەرە دەکرێت و کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە تاوتوێکردنی پرسی ئەندامیێتی سوێد لە ناتۆ.
 
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لە هەژماری فەرمیی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە کاژێر 09:00ـی رۆژی چوارشەممە (14ـی حوزەیرانی 2023) لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە دەستپێدەکات. 
 
عاکیف چاغاتای کڵچ، باڵیۆز و گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا ستیان جێنسن، وەک سەرۆکی شاندی ناتۆ، ژان نوتسۆن، باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوەی سوێد وەک سەرۆکی شاندی سوێد و جوکا سالۆڤارا، سکرتێری هەمیشەیی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند وەک سەرۆکی شاندی فینلاند بەشدار دەبن. 
 
کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە ئەندامیێتی سوێد لە ناتۆ، کە تائێستا تورکیا پەسەندی نەکردووە.
 
سوێد دەیەوێت، پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە رۆژی 11ـی تەممووزی ئەمساڵ لە ڤێڵنیاس لە لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، ئەنقەرە ئەندامێتییەکەی لە ناتۆ پەسند بکات.
 
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
تورکیا وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە، پێشتر رایگەیاندبوو، ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بەتایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
 
هاوپەیمانیێتیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949ـدا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.