ترەمپ دەچێتە بەردەم دادگەی فلۆریدا

رووداو دیجیتاڵ 

بە کاروانی ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەرەو فڕۆکەخانەی نیوجێرسی بەڕێکەوت؛ ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسی ئێف بی ئای-ش بەڕێی دەکەن، چونکە ئەو لە لایەن دادگەی فلۆریداوە بانگکراوە و 37 تۆمەتی ئاراستە کراوە. 
 
ترەمپ بە فڕۆکە تایبەتەکەی کە ناوی خۆی لەسەرە بەرەو فلۆریدا بەڕێکەوت. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی حوزەیران، دەبێت لەبەردەم دادگە ئامادە بێت و بەفەرمی تۆمەتەکانی ئاراستە دەکرێن.
 
جاک سمیس، لێکۆڵەری تایبەت رۆژی 10ـی حوزەیران گوتی: "لیستی تۆمەتەکان دژ بە دۆناڵد ترەمپ خرانەڕوو و تێیدا ئەو بە پێشێلکردنی یاساکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا تاوانبار دەکات".
 
لەو 30 سندوقانەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەون، زیاتر لە 11 هەزار بەڵگەنامەی نهێنی هەن کە ترەمپ لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی سپی، لەگەڵ خۆی بردوونی و لە هاوینەهەواری مارالاگۆی تایبەت بە خۆی شاردبوونییەوە، بەشێکیان لە توالێتی ماڵەکەی دانراون.
 
دادگەی فلۆریدا دەڵێت، ترەمپ بەو کارەی هەموو ئەمریکای خستووەتە بەردەم "مەترسییەکی گەورەوە."
 
ترەمپ وەک هەمیشە رەتیدەکاتەوە و بە هەوڵێکی دیموکراتەکان بۆ دوورخستنەوەی لە گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ناودەبات و هێرشێکی تووندیش دەکاتە سەر جاک سمیسی لێکۆڵەری تایبەت.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی 11ـی حوزەیران رایگەیاند، "جاک سمیس سەرشێتە. بینیم کە قسەی پڕوپوچی دەکرد، ئەو و داواکاری گشتی و دیموکراتەکانی کۆنگرێس هەموویان ترسنۆکن، گەندەڵن و فێڵبازن، من نازانم ئەو 37 تۆمەتە لە کوێوە هاتن، هەموو ئەو کارە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و ئێمە رێگەیان پێ نادەین بەو ئامانجەیان بگەن".