بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی لەلایەن رووداو هێمای 'سەرکەوتنە بۆ میدیای کوردی'

14-05-2024
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی لەلایەن رووداوەوە.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی لەلایەن رووداوەوە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو دەبێتە جێگەی بایەخی ناوەندە کوردستانی و عێراقییەکان، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرکەوتنی رووداو بە سەرکەوتن بۆ میدیای کوردی دادەنێت، روانگەی عێراقیش بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری پێیوایە کە رووداو نموونەی پێشکەوتنی کاری میدیا و رۆشنبیریی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
 
'سەرکەوتن بۆ میدیای کوردی'
 
ئەم ساڵ بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی، لەکاتێکدا لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەریەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلیکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن و ئەمساڵیش رووداو رکابەریی سی ئێن ئێن و بلۆمبێرگی دەکرد و سەرکەوتوو بوو.
 
هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "رووداو جێ پەنجەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان نەخشاند و هیچ گومانی تێدانییە کە رووداو میدیایەکی سەرکەوتووی پێشکەوتووە."
 
گوتیشی: سەرکەوتنی رووداو سەرکەوتنە بۆ میدیای کوردی و خەڵاتی وێبی بەرپرسیارێتی زیاتر دەخاتە سەرشانی تۆڕی میدیایی رووداو.
 
بە گوتەی سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان میدیای کوردی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ببێتە چاوگی هەواڵ لە ناوەندە جیهانییەکاندا بەڵام ئێستا رووداو خەریکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە چاوگی هەواڵ.
 
"پێویستە میدیاکانی کوردستان رکابەریی لەسەر پیشەیی بوون بکەن و رووداو کاری میدیای کردووە بە پیشە،" هەندرێن ئەحمەد وای گوت.
 
گوتیشی: رووداو رۆڵی هەیە لە لێکنزیککردنەوەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی و ئەم خەڵاتەی رووداو ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دیارتر دەکات هەربۆیە پێویستە تۆڕی میدیایی رووداو لەمەودوا روانینێکی جیهانیی هەبێت.
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
 
خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەم ساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە.
 
'عێراق شانازیی بە رووداوەوە دەکات'
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هادی جەلۆ مەرعی، سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری باسی لەوەکرد کە ئەم سەرکەوتنەی تۆڕی میدیایی رووداو مایەی شانازییە بۆ میدیا و ناوەندە رۆشنبیرییەکان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق.
 
هادی جەلۆ مەرعی دەڵێت: "سەرکەوتنی رووداو سەرکەوتنە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و مایەی شانازییە هەم بۆ هەرێمی کوردستان و هەمیش بۆ عێراق."
 
گوتیشی: خەڵاتکردنی رووداو دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ میدیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری داواکارییەکی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە گرنگی زیاتر بە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بدات و گوتی: داوا لە رووداو دەکەم لە پارێزگاکانی عێراق نووسینگەی زیاتر بکاتەوە و ژمارەی پەیامنێرەکانی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر بکات.
 
"من دەڵێم ئەم دەستکەوتە بۆ راگەیاندن و رۆژنامەگەریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەتایبەتی کە راگەیاندن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تازەیە بەراورد بە ئەورووپا، ئەمریکا و جیهان، کاتێک رووداو رکابەریی تۆڕە گرنگە جیهانییەکانی وەکو بلومبێرگ، بی بی سی و تۆڕە ئەمریکییەکان دەکات ئەمە ئاماژەیە بە پێشکەوتنی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان" هادی جەلۆ، سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری وای گوت.
 
'هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو کوردێک'
 
هاوکات، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ کە سەنتەرێکی ناحکومییە بۆداکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی بە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو کوردێک دەزانێت و دەڵێت: "مایەی دڵخۆشییە میدیایەکی کوردی بگاتە ئەم ئاستە بەرزە لە جیهان."
 
بە گوتەی رێکخەری سەنتەری میترۆ ئەم خەڵاتەی رووداو خەڵاتە بۆ هەموو میدیاکارێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گوتی: هەواڵیكی زۆر خۆشبوو کە ناوی رووداو لە ناوەندە جیهانییەکان بیسترا و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ هەموو کوردێک.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رەحمان غەریب پێشنیاز بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات کە گرنگی زیاتر بە بەڵگەفیلم بدات و دەڵێت: پێشنیازدەکەم تۆڕی میدیایی رووداو جگە لە بەڵگەفیلمەکانی خۆی کە بەرهەمیان دەهێنێت ببێتە هاوکاری ئەو گەنجانەش کە لە دەرەوەی رووداو کاردەکەن و بەرهەمەکانیان بە ناوەندە جیهانییەکان بگەیەنێت.
 
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە (Travel and Lifestyle) لەنێو هەزاران بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
 
خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا؛ بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
 
دوو پرۆسە بۆ دابەشکردنی خەڵاتەکان هەیە، سەرەتا بەربژێرەکان لەلایەن IADAS هەڵدەبژێردرێن و دواتر براوەکان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەری جیهانییەوە دیاری دەکرێن  هەروەها بەشێکی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە لە رێگەی دەنگدانی خەڵکەوە دیاری دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە