فۆرد 43 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکان دەکشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای فۆرد داوا دەکات 43 هەزار ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی برۆنکۆ سپۆرت و ئیسکەیپ، کە مۆدێلەکانی ئەمدواییانە لەخۆ دەگرێت، لە بازاڕەکان بکشێنێتەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت، بەهۆی شکانی نۆزڵەوە رێی تێدەچێت لێچوونی بەنزین رووبدات و ئۆتۆمبێلەکە گڕ بگرێت.
 
لە مانگی نیسانی 2024 کۆمپانیای فۆردی ئەمریکی لە بانگەوازێکی فەرمیدا داوایکرد، فۆرد برۆنکۆ سپۆرتی مۆدێلەکانی 2021، 2022 و 2023 هەروەها فۆرد ئیسکەیپ مۆدێلەکانی 2020، 2021 و 2022، بزوێنەر 1.5، لە بازاڕەکان بکشێنێتەوە. کۆمپانیاکە بانگەوازەکەی بۆ 43 هەزار ئۆتۆمبێلە لە هەردوو جۆرەکە.
 
کۆمپانیاکە لە وێبسایتی فەرمیی خۆی بڵاوی کردەوە: "ئەگەری هەیە نۆزڵی نێو بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە بشکێت یان بتەقێت، بەنزینی لێبچێت، بەنزین بەر پارچە گەرمەکانی بزوێنەر بکەوێت و ئاگر لە ژێر بۆنێتی ئۆتۆمبێلەکە دروستبێت."
 
فۆرد هەروەها رایگەیاندووە، تائێستا پێنج رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی ئەم کێشەیەوە روویداوە، بەڵام هیچ رووداوێکی پێداکێشان و برینداربوونی شۆفێر و سەرنشین رووینەداوە.
 
بانگەوازەکەی فۆرد نیگەرانیی لەلای شۆفێران و تەنانەت حکومەتی ئەمریکاش دروستکردووە.
 
فەرمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ سەلامەتیی هاتووچۆ لەسەر رێگە خێراکان NHTSA کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکایە دەڵێت: "لێکۆڵینەوە دەکەین."
 
رێباز نەجات، رۆژنامەڤان و شارەزای بواری ئۆتۆمبێل بە رووداوی گوت: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی داواکراون بکشێندرێنەوە بزوێنەریان 1.5 لیترین. ئەو جۆرە بزوێنەرانە بەنزین راستەوخۆ دەنێرنە نێو ژووری سووتان و پێیاندەگوترێت Direct Injector. ئەم جۆرە بزوێنەرە جگە لە فیول پەمپ، پێویستی بە پەمپێکی دیکە هەیە لەپێشەوە، بۆ ئەوەی بەنزینەکە بە هێزەوە بنێرێتە نێو ژووری سووتان."
 
چارەسەر چییە؟ 
 
میدیای ئەمریکی لەسەر زاری کۆمپانیا بەناوبانگەکە دەڵێت، فۆرد بەنیازە وەک رێگەچارەیەک سۆندەیەکی باریک وەک دەرچەیەک بۆ نۆزڵەکە دابینبکات، بۆ ئەوەی هەرکاتێک پەستانی بەنزین دروستبوو یان لێچوونی بەنزین هەبوو، سۆندەکە بتوانێت بەنزینەکە بگوازێتەوە و "بیڕژێنێتە سەرزەوی."
 
فەرمانگەی NHTSA دەڵێت، بیرۆکەکە سەرناگرێت. سۆندەکە ناتوانێت چارەسەری رەگی کێشەکە بکات، کە شکانی نۆزڵەکانە.
 
مایکڵ برووکس، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی سەلامەتیی ئۆتۆمبێل، کە رێکخراوێکی قازانجنەویستە، دەڵێت: "چارەسەرەکەی فۆرد بنەڕەتی نییە و فۆرد دەیەوێت خۆی لە تێچووی چاککردنەوەی نۆزڵی ئۆتۆمبێلەکان لابدات."
 
فۆردی ئەمریکی هەروەها دەڵێت: "وەشانێکی نوێی سۆفتوێری ئۆتۆمبێلەکە بەردەستە، واتا؛ دوای ئەوەی کۆمپانیا دوایین وەشانی سۆفتوێرەکە لەسەر ئۆتۆمبێلەکە جێگیر دەکات، هەرکاتێک بەرزە پەستانی بەنزین لەسەر نۆزڵ هەبوو، لە رێگەی شاشەی نێو داشبۆردی ئۆتۆمبێلەکە شۆفێر ئاگادار دەکرێتەوە. 
 
سۆفتوێرەکە خۆکارانە دەست بە دابەزاندنی بەرزە پەستانی نێو پەمپی پێشەوە ، کەمکردنەوەی هێزی بزوێنەر و ساردکردنەوەی پلەی گەرمیی بەشەکانی نێو بزوێنەر دەکات
 
 شارەزایان و فەرمانگە حکومییەکەی ئەمریکاش دەڵێت: "کەمکردنەوەی هێزی بزوێنەر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکە، بەمشێوەیە ئەگەر ئۆتۆمبێل لە باری لێخووڕینی خێرادابێت، مەترسیی پێداکێشان دروستدەبێت یان دەبێتە هۆی نیگەرانکردنی شۆفێر لەو خێراییە."
 
فۆردی ئەمریکا دەڵێت: "هەر ئۆتۆمبێلەک تووشی ئەم جۆرە گرفتە ببێت، گەرەنتیی نۆزڵەکانیان بۆ درێژدەکەینەوە و کاتێک بەو کێشەیەوە هاتنەوە نێو کۆمپانیا، نۆزڵەکانیان بۆ دەگۆڕدرێت."
 
فەرمانگە ئەمریکییەکە نامەیەکی بۆ کۆمپانیای فۆرد ناردووە و نیگەرانیی خۆیان لەوبارەوە پێداون؛ هەروەها لە نامەکە چەند پرسیارێک و داواکارییەکی پەیوەست بە کێشەکەیان لە کۆمپانیا کردووە. فۆرد تاوەکو 21-06-2024ـی لەبەر دەستە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
 
کۆمپانیای فۆرد لەلایەکی دیکە دەڵێت، تەنیا ٪1ـی ئۆتۆمبێلەکان تووشی ئەم گرفتە دەبن.
 
نیشانەکان چین؟
 
کۆمپانیاکە لە بانگەوازەکەیدا دەڵێت: "ئەگەر شۆفێر بۆنی بەنزین یان دووکەڵ بکات، پێویستە بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی رابگرێت و پەیوەندیی بە کۆمپانیاوە بکات."
 
کۆمپانیای فۆرد دڵنیایی دەداتە کڕیارەکانی: "سۆفتوێری ئەپدەیتکراو و پارچەی یەدەگی پێویست بەردەستن."
 
هەرچی لەبارەی هۆکاری کێشەکەیە، فۆرد دەڵێت: "خودی کێشەکە شکانی نۆزڵە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامن."
 
رێباز نەجات لەوبارەوە گوتی: "هەرچەندە کۆمپانیا ئاماژەی بە هۆکارەکە نەداوە، بەڵام پێدەچێت نۆزڵەکان بەرگەی پەستانی بەرزی بەنزین نەگرن، بۆیە دەشکێن. هەر ئۆتۆمبێلێکیش لەلایەن کۆمپانیاوە بە فەرمی بانگبکرێتەوە، ئەوە هەڵە لە کارگە و کۆمپانیاکەوە روویداوە."
 
لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت
رۆژی 10-05-2024، ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرد برۆنکۆ لە توونێلی پیرمام لە پارێزگەی هەولێر لەکاتی رۆیشتن گڕیگرت و ئاگرەکە لەژێرەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەرچوو.
 
رێباز نەجار لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە هاوردەی ئەمریکا بێت، بزوێنەری 1.5 بێت و لەو مۆدێلانە بێت کە کۆمپانیا ئاماژەی پێداوە، ئەگەری زۆرە ئەم بانگەوازە ئەویش بگرێتەوە."
 
هەمان کێشەی 2022
 
لە ساڵی 2022، فۆرد لەسەر هەمان کێشە 522 هەزار جۆری ئیسکەیپ مۆدێلەکانی 2020-2023 و برۆنکۆ سپۆرت 2021-2023ـی لە بازاڕەکان کشاندەوە.
 
ئەوکات فۆرد رایگەیاند: "هیچ شتێک لە سەلامەتیی کڕیارەکانمان گرنگتر نییە، فۆرد داوای کشانەوەی برۆنکۆ سپۆرت و ئیسکەیپ دەکات."
 
فۆرد دەڵێت، ئەو چارەسەرەی پێشنیازیان کردووە پێشتر لە 2022 لەسەر ئۆتۆمبێلی دیکە جێبەجێیان کردووە و کێشەی نەبووە.
 
ئەوکات فۆرد بە فەرمانگە ئەمریکییەکەی گوت: "بەهۆی کێشەی لێچوونی بەنزینەوە 54 رووداوی گڕگرتنی برۆنکۆ سپۆرت و ئیسکەیپ تۆمارکراون، هەروەها لە دوو رووداوی جیادا چوار کەس بەهۆی ئاگرەوە بریندارببوون و هیچ رووداوێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە."