ژیریی دەستکرد دەنگی کچێک دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی نەشتەرگەری لە دەستیدابوو

13-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لێکسی بۆگان، پێشتر بەهۆی نەشتەرگەریی بۆ لوویەکی [گرێ]ـی مێشکی، دەنگی لەدەستدابوو، بەڵام ئێستا چی بوێت لە ئاپێکی ژیریی دەستکرد دەنووسێت و ئاپەکە بە دەنگی لێکسی دەیخوێنێتەوە.
 
لێکسی بۆگان، کچێکی 21 ساڵەی ئەمریکییە و خەڵکی ویلایەتی رۆد ئایلاندە. ئەو ئێستا سوود لە ئاپێکی ژیریی دەستکرد وەردەگرێت کە لەلایەن کۆمپانیای Open Ai دروستکراوە، بۆ نووسینی هەر شتێک کە دەیەوێت بۆ ئەوەی ئاپەکە بە دەنگی لێکسی بیخوێنێتەوە.
 
د. کۆنستانتینا سڤۆکۆس، نەشتەرگەری دەماریی منداڵان دەڵێت: "لێکسی بچووک بوو کاتێک هێنایان بۆ نەخۆشخانە؛ سەرئێشەیەکی زۆری هەبوو، سەری گێژی دەخوارد و زۆر دەڕشایەوە. زانیمان کە لێکسی لوویەکی لە پشتەوەی مێشکی هەیە قەبارەکەی هێندەی تۆپێکی گۆڵف بوو. لێکسی بە نەشتەرگەرییەکی 10 کاژێریدا تێپەڕی. بەهۆی گوشار لەسەر کاسە دەمارەکانی کە کۆنتڕۆڵی دەنگە ژێیەکان، ماسوولکەکانی قوڕگ و فەرمانەکانی زمانی دەکرد، کێشەی لە قسەکردن بۆ دروستبوو."
 
لێکسی ئێستا دەتوانێت قسە بکات، بەڵام دەنگی زۆر نزمە، دەنگەژێیەکانی باش کارناکەن و لەکاتی قسەکردندا زمانی بە قورسی دەجووڵێت، بۆیە ئەستەمە بەباشی لێی تێبگەیت. لێکسی بۆ ماوەی چەندین مانگ خرایە ژێر چارەسەری سرووشتی، بەڵام هەوڵەکان بێسوود بوون.
 
مانگی نیسانی 2024، خاڵێکی وەرچەرخانی ژیانی لێکسی بوو. لە رێگەی ئاپی (بزوێنەری دەنگ - Voice Engine) ئێستا لێکسی ئەو قسەیەی کە دەیەوێت بیکات دەینووسێت و ئاپەکەش بە دەنگی لێکسی دەیخوێنێتەوە.
 
کەسوکاری لێکسی، سوودیان لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی 15 چرکەیی وەرگرت کە پێش نەشتەرگەرییەکە تۆمارکرابوو. ئاپەکە تۆمارە 15 چرکەییەکەی لێکسی وەک کۆدێک بەکاردەهێنێت و لە هەموو نووسینەکاندا دەیکاتە دەنگ. 
 
د. رۆهەید عەلی، دکتۆری نیشتەجێی خولاوە و پسپۆڕییەکەی دەمارە. یارمەتیی لێکسی داوە لە دەستڕاگەیشتنی بە ئاپەکە و دانانی دەنگی. ئەو دەڵێت: "ئێمە هەموومان بینیمان ژیریی دەستکرد لە یەک یان دوو ساڵی رابردوو دەستیپێکرد و پرسیارگەلێکی زۆریشی لەسەرە لەبارەی چۆن دەتوانێت یارمەتیی خەڵک بدات. ئێمە دەستمان بەو تەکنەلۆژیایە گەیشت کە لەلایەن Open Ai پەرەی پێدراوە، دەنگێکی پازدە چرکەیی وەرگرت و توانی دەنگی لێکسی دووبارە دروستبکاتەوە." 
 
لێکسی یەکەم کەسە ئەو کێشە تەندروستییەی هەبێت و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد یارمەتیی بدات. ئەو دەڵێت: "هەستێکی ناوازەیە کە دەبینم دەنگم گەڕاوەتەوە چونکە دەنگم بەشێکە لە شوناسی من. پێشتر دەبوو لەگەڵ دایکم یان هاوڕێیەکم بڕۆمە دەرەوە چونکە خەڵک نەیاندەتوانی لێم تێبگەن، بەڵام ئێستا ئەو سەربەخۆییەم بەدەستهێناوەتەوە چونکە ئەو تەکنەلۆژیایەم هەیە."
 
د. عەلی دەڵێت، ملیۆنان لەو نەخۆشانەی کە کێشەی دەنگ و قسەکردنیان هەیە، دەتوانن سوود لەم تەکنەلۆژیایە وەرگرن بۆ هێنانەوەی دەنگیان؛ ئەمەش شتێکە پێشتر مەحاڵ بوو.
 
دکتۆرەکانی لێکسی هەمان تەکنەلۆژیایان لەسەر چەند نەخۆشیکی دیکە تاقیکردووەتەوە و هیوادارن کە سوود بەوانیش بگەیەنێت. 
 
هێشتا ئاپی بزووێنەری دەنگ بۆ هەموو کەسێک بەردەست نییە، شارەزایان ترسیان لەوە هەیە بۆ مەبەستی دیکە بەکاربێت. کۆمپانیای پەرەپێدەرەی ئاپەکە دەڵێت، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە